مۆدێرنیزم و باوەلێ

عومەر ئەحمەد
  2023-11-19     510

مۆدێرنیزم بریتییە لە بزوتنەوەیەکی ڕیفۆرمیی لە بواری ئاینیی، سیاسیی، پەروەردەیی، ئەدەبییدا. لەکۆتایی سەدەی نوزدە و سەرەتای سەدەی بیست لە ڕۆژئاوا و بەتایبەت وڵاتانی وەکو فەڕەنسا، بڕیتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا...تاد سەریهەڵدا.

زۆر بەکورتیی ئەم فۆرمە لەژیان بەرانبەر بە ژیانی ترادیشناڵ دەوەستێت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پێش خۆی ڕەتدەکاتەوە، بەها کلتوریی و سیاسییەکانی پێش خۆی دەسڕێتەوە، لەبەرانبەردا پێشنیازی فۆرمی نوێی ژیان دەکات، کە لەسەر بنەماکانی خۆی دامەزرابن.

بەکورتیی هەندێک سیمای گشتیی مۆدێرنێتە دەخەینەڕوو کە قۆناغەکەی پێ دەناسرێتەوە:

‌ (ڕۆگێر جیفرین) پێی وایە مۆدێرنیتە بریتییە لەوەی مرۆڤ لە بونەوەرێکی فیداکاریی بەرکارەوە، ببێت بە دروستکەری ڕوداو، واتە زیادبوونی ڕۆڵی تاک، پەرەدان بە وزە و چاڵاکیی و هێزی داهێنانی تاک، هەروەها مۆدێرنیتە بریتییە لە دەرکەوتنی زانستەکان، هەر لە دەرونشیکارییەوە بیگرە، تا زمانەوانی، کۆمەڵناسی، دەرونناسی، زانستە پەتییەکان و پێشکەوتنە بێ وێنەکانی بواری فیزیا، کیمیا، زانستیی پزیشکیی...تاد.

بەدیوێکی تردا، هەرچییەک لە دنیای پێش مۆدێرن هەبوو پێچەوانەی بکەیتەوە مۆدێرنە دەردەچێت، بۆ نمونە پەیوەندی کۆمەڵایەتیی، کە لەسەر بنەمای خێزان، بنەماڵە، هۆز و تیرە، بوو، دەگۆڕێت بۆ پەیوەندی پیشە و هاوڕێیەتیی و دروستکردنی پەیوەندیی لەسەر بنەمای بیرکردنەی هاوبەش، لەبواری سیستەمی سیاسیی و بەڕێوەبردندا دەوڵەتی پشتاوپشت و دەزگای یەک کەس دەگۆڕێت بۆ دیموکراسیی و دەنگدانی خەڵک و داڕشتنەوەی دەسەڵات و کار دابەشکردن بەجۆرێک دەسەڵات لای یەک کەس کەڵەکە نەبێت، بەڵکو دابەش ببێت. بازرگانی سنوردار و هۆکاری گواستنەوەی زۆر هێواش و کەموکورت دەگۆڕێت بۆ کەشتیگەلی زۆر گەورە و بەجۆرێک بازرگانیی لەنێوان جەمسەرەکانی زەوی بکرێت، پەروەردە بۆ چینێکی تایبەت دەبێتە پەروەردە بۆ هەموو خەڵک، خوێندنی ئاینی دەگۆڕێت بۆ خوێندنی زانست، ژیانی گوند دەگۆڕێت بۆ شار، لە شارەوە پەیوەندیی و بەهاکان دوبارە دادەڕێژرێنەوە و کلتورێکی نوێ بۆ شێوازی ژیان دادەمەزرێت، چیتر پەیوەندییە کۆنەکان کار ناکەن و کارکردنیش لە کێڵگە و کاری دەستیی و فرۆشیاریی بچوک و سنوردارەوە دەگۆڕێن بۆ کۆمپانیا و دامەزراندنی کارگەی گەورە و ڕێکخستنی کشوکاڵ، هەروەها مۆدێرنیتە بریتیە لە گۆڕینی ستراکچەری بیرکردنەوەی مرۆڤ بەرانبەر بە بوون بەگشتیی، هاتنەکایەی دەیان ڕەوتی فەلسەفەی نوێ، کە بەتەواویی سنوری بیرکردنەوەی ئاینیی بەگشتیی و بەتایبەت مەسیحیەتیان تێپەڕاند، بەهەرحاڵ ئێمە لیرەدا بۆیە ئەو پێشەکییەمان خستەڕوو، بۆ ئەوەی کاتێک چەمکێک بەکار دەهێنێین هیچ نەبێت ئەگەر ڕیشەکەشی نەخەینە ڕوو، لانی کەم چەمکەکە وەکو خۆی لە سیاقە مێژوویەکەیدا بخەینەڕوو.

لە ژیانی ڕۆژانەدا مۆدێرنە بەرانبەر بە بیرکردنەوە و جلوبەرگ و شێوازی ژیانی کۆن دەوەستێت، ئینجا وە نەبێت ئەم فۆرمەی ژیان ڕوبەڕوی ڕەخنە نەبوبێتەوە، بەڵکو ڕەخنە و نەیارانی مۆدێرنیتە، وەکو چوارچێوەی فیکریش بوونی هەیە بەدەر لەو دژایەتییەی کە لە ئاستیی کۆمەڵایەتیی و زۆر لۆکاڵیدا هەیە، لەوانە (Janet Bennett:2008 ) لەسەر هەندێک خاڵ وەستاوە لەوانە : جەنێت، دەڵێت: ڕەخنەگرانی بواری مۆدێرنە پێیان وایە مۆدێرنە بەهۆی زیادەڕەویکردن و جەختکردنەوە، لە ڕەتکردنەوەی ژیانی پێش خۆی، خۆشی بوو بە کلتورێک کە پێویستی بەتێپەڕاندن هەیە، کە قۆناغی پۆست مۆدێرنیزمی پێدەوترێت، هەروەها بەهۆی زۆری بەرهەمهێنان و دروستبوونی سینەما و میوزیکی نوێ و مۆدێرنە زیادەڕەوی کرد لە دروستکردنی جل و پێڵا و خواردن و شێوازێکی ژیان، کە بەتەواویی زیادەڕویی بوو لەگەڵ بنەماکانی خودی مۆدێرنەش نەدەگونجا کە عەقڵ و لۆجیک سەنتەریی بوو، چیتر وەرزش و سینەما و گۆرانیی و میوزیک، تەنها هونەرێک نین بەڵکو کایەیەکی بازرگانشین، لێرەشەوە ئەو پرسیارە دروست دەبێت چۆن باڵانسی نێوان هونەرە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی ڕابگرین لەگەڵ بازرگانیی و کۆکردنەوەی ساماندا، بەمجۆەش بەشێکی زۆر لە هونەرەکان لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانی مۆدێرنەوە بەهای خۆیان لەدەستدا، بەجۆرێک ژیانی ڕوکەشیی بێمانا برەوەی پەیداکرد و ژیانی ناوەڕۆکدار و بەبەها لاواز بوو، جگە لەوەی بەهۆی پێکەوتنی زانستی چەک تەقەمەنییەوە جەنگی یەکەم دووەمی جینیدا دەیان ملوێن مرۆڤ بوونە قوربانی، لە ئێستاشدا هەر وڵاتێک سەرمایەی زیاتر و چەک و بۆمب و فڕۆکە و تەکنۆلۆژیای نوێی وەکو لیزەر و چەکی کیمیاویی و سوتێنەری زیاتر بێت دەسەڵاتی زیاترە و خۆی دەسەپێنێت بەسەر وڵاتانی تردا، بەهەرحاڵ بابەتەکە زۆرتر هەڵدەگرێت، ڕەوتێکی گرنگی فەلسەفەیەکی وەکو فرانکفۆرتییەکان زۆر لەسەر ئەم بابەتە وەستاون و تەنانەت هەندێک جۆری میوزیک و خواردنیان ڕەتکردەوە، هەرچەندە ڕوانگەی ئەوان ڕوانگەیەکی چەپانە بوو، بەڵام بە دیوێکی تردا ئەمریکا نوێنەرایەتی نوێترین فۆرمی مۆدێرنە دەکات لەهەموو ئاستەکاندا و ژیانی ئەمریکایی بووەتە نۆرمێکی گڵۆباڵ، کە زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگەکانی جیهان دەیانەوێت سەر بەوجۆرە ژیانە بن لەهەموو ڕویەکەوە، جلوبەرگ و گۆرانی و میوزیک و سینەما و ...تاد.

بەدەر لەو ڕەخنە فیکرییانەی، کە لە بیری مۆدێرنەدا گیراون، زۆرجار لە ئاستی ژیانی ڕۆژنانە و زۆر لۆکاڵیدا دژە مۆدێرنیزم بوونی هەیە، بەجۆرێک ژیانی شار و پەیوەندییەکانی نێو شار و جلوبەرگ و خواردن و شێوازی خەوتن و هەستان و مامەڵەی ڕۆژانەی دەزگا و پیشە...تاد، لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکەوە بەتەواوی ڕەتدەکرێتەوە بەبێ گوێدانە زەمینە و پێداویستی سەردەمەکە بۆ چۆنێتی ژیانکردن.

ڕەوتێک هەن لە ئاستێکی زۆر ناوخۆیدا بەهەموو جۆرێک فۆرمی نوێی ژیان، کە تایبەتە بەشارەوە ڕەتدەکەنەوە، ئێستاش پێیان وایە، ژنێکی فەرمانبەر، کە تا 2 دو 45 خولەک لە دەوامە هاتەوە پێویستە تەنوری لێ گەرم بکات و کولێرەی گەرم بکات، پێی وایە دەبێت دوای نوێژی بەیانی ناوحەوشی بۆ بشوات و نەخەوێتەوە، ساڵی مناڵێکی ببێت و هیچ داواکارییەکی نەبێت، بەهەرحاڵ ئەو فۆرمە ژیانە چەرمەسەرییەی لە حەفتاکان و پێش ئەوە و گرانیی نەوەدەکات برەوی هەبوو لە کۆمەڵگەی کوردیدا بکرێتە نۆرمێکی هەمیشەیی بۆ ژیان تا هەتایە بگەڕێینەوە بۆ شێوازی ژیان لەو ماوەیەدا.

ئەوەی سەیرە هەموو ئەو بزوتنەوە و گروپ و ئایدۆلۆیانەی دژە مۆدێریزم بوون، خۆیان دەبنەوە بە بەشک لەو دنیایە، چونکە وەکو دەڵێن مۆدێرنە ئەگەر دەرگاکانی لێ دابخەی لە پەنجەرەکانەوە دێتە ژورەوە، بەهاکانی مۆدێرنە و دۆزراوە زانستییەکانی سەردەمی مۆدێرن هاتۆتە نێو ماڵی هەموومان، کەس ناتوانێت نەبێتە بەشێک لە دنیا مادیی و مەعنەوییەکەی مۆدێرنە، زۆرجار هەندێ تێگەیتشنی ئایدۆلۆژیی چەپ، ئاینیی و مەزهەبی دژ بە بنەما و کەرەستەکانی مۆدێرنەن، بەڵام ناچار خۆیان ئەبنەوە بەبەشێک لێی وەکو ئەو مەلایەی، کە پێداگریی ئەکرد لەسەر ئەوەی وێنە حەرامە، تا پێیان وت ئەو ڤیدۆیەی وتارەکانی تۆی ڕیکۆرد کردووە چەندین وێنەیە لە چرکەیەکدا، بەهەر حاڵ دژبوون بە ژیانی نوێ دەتخاتە نێو پارادۆکسێکەوە، کە دژیەکی دروست دەکات لەهەڵوێست و بیرکردنەوەکاندا، دیسانەوە باوەلێیش هەر سدی لە کەرەستەکانی دنیای مۆدێرنە وەرگرتووە، لەوانەش هەمووی زەقتر ببیتە مەندوب و فرۆشیاریی کۆمپانیایەک کە هەموو شێوازەکانی کارکردنی، هەر لە بازاڕکردنەوە بیکرە تا ڕیکلام پەیج و ستاف و ...تاد سەر بە دنیای مۆدێرنە.

باوەلێ و مۆدێرنیتەۆ

باوەلێ لێرەدا خوازەیە بۆ هەموو ئەو پورە ئامینانەی ئێمە وەکو پور و دایکی خۆمان سەیریان دەکەین و بەرگیریی لە ژیانی کۆن دەکەن و ژیانی جیلی نوێ ڕەتدەکەنەوە، بەتایبەت لەبەر ئەوەی خۆیان ئافرەتن ڕوی ڕەخنەکانیان زیاتر لەسەر ئافرەتانە، کە بۆچی بە ئەرکی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان هەڵناسن..تاد. بەداخەوە لە سەر گۆگڵ سێرچم کرد بابەتێکم نەبینی لەسەر باوەلێ نوسرابێت، بەو پێیەی وەکو وتمان باوەلێ خوازەیە بۆ هەموو ئەو مرۆڤ و ڕێکخراو و مەلا و ئەو کەسانەی، کە پشتگیری ژیانی کۆنی کوردەواریی دەکەن و دژی ژیانی نوێن، ئیتر کە ئەڵێین ژیانی نوێ مەبەستمان ژیانی نێو شارە، کە تێیدا ئافرەت زۆرینەی یان لەماڵ خەریکی منداڵ بەخێوکردنە، کەمینەیەکیش کاردەکەن، بەشێکیان فەرمانبەرن، بۆ پیاوانیش بەهەمان شێوە یان پیشەوەرن، یان فەرمانبەر، زۆرینەی ئەم خەڵکانە لەناو خانوی سەد مەتر و زیاتر و کەمتردا دەژین، فۆرمی ژیان و پیداویستییەکانیان بەتەواوی لەگەڵ ژیانی کۆنی کۆمەڵگەی کوردیدا گۆڕاوە، بەهاکان و پەیوەندییەکان تا ڕادەیەکی زۆر ئەگەر لە ڕیشەوە نەگۆڕابن، دەستکاریی زۆر کراون، کەواتە ستایلی ژیانیش دەکۆڕێت لەگەڵیاندا، بۆیە کاتێک ڕەخنە لەم جۆرە ژیانە دەگریت بەخۆت نازانی خۆشت بەشێکی لەم فۆرمەی ژیان، بڵاوبونەوەی وێنەی باوەلێ لە چێشتخانەیەک، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نمونەی ئەم پارادۆکسەیە کە دەیسەلمێنێت، دژ بوون بەفۆرمی نوێی ژیان شتێکی مەحاڵە.

باوەلێ و ڕەتکردنەوەی ژیانی نوێ:

ئێستا دەچینە سەر بەستنەوەی باوەلێ بە دیاردەی ڕەتکردنەوەی مۆدێرنەوە، دیارە یەکەم پەیوەندی نێوان باوەلێ و مۆدێرنە لەو چاوەوە دەستپێدەکات کە پێی دەڵێن کامێرا، کە بەڕای ئێمە مێژووی مرۆڤایەتیی گۆڕیی، ئەو عەدەسەیە توانی مێژوو لە خوێندنەوەی وەهم و بیرکردنەوەی ئەبستراکتانەوە تا ڕادەیەکی زۆر بکاتە دیمەنی بینراو، لێرەوە باوەلێ دەکەوێتە نێو پارادۆکسەوە.

کامێرا و گواستنەوەی دیمەن تا ئێرە نەوەستا بەڵکو ئەو پێشکەوتنی هێڵەکانی ئەنتەرنێت و دروستبوونی چەندین پلاتفۆرمی کۆمەڵایەتیی، دەرفەتی بە چینێکی زۆری کۆمەڵگا دا ببن بە، بلۆگەر، یوتوبەر، مۆدێل...تاد، هەروەها ئەم پلاتفۆرمانە، کە لە هەناوی مۆدێرنەدا لەدایکبوون، بوون بە پیشە لەڕێگەی کاری ڕیکلام و سپۆنسەر کردن و بازاڕکردنەوە وەکو پیشەیەک ئێستا برەویان هەیە، ئێستا پلافۆرمی تیکتۆک بەهۆی لایڤەکانییەوە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە بۆ بەکارهێنەرانی، جگە لەوەش تۆ لەم ڕێگەیەوە دەناسرێیت، کە ناسرایت، ئیتر دەبیت بە جێی سەرنج و زۆرینەی کۆمەڵگا دەیانەوێت لە نزیکەوە بتبینن و وێنەت لەگەڵ بگرن، ئەمڕۆ لە ڤیستیڤاڵی ساڵانەی کەلاردا خەڵک ڕیزی گرتبوو لەگەڵ باوەلێ وێنە بگرن، تا ئێرەش ئاساییە، ئەوەی نائاسییە ئەو پارادۆکسەیە کەباوەلێی تێکەوتووە بەبێ ئەوەی پێی بزانێت، ئەویش ئەوەیە باوەلێ ئێستا چیتر مرۆڤێکی نەریتخواز نییە و هاتۆتە نێو پەیوەندییەکانی مۆدێرنەوە، ئەمڕۆ باوەلێ چیتر مەشکە و دەساڕ و دۆی کوردیی نەهێنابوو بەڵکو باوەلێ نوێنەری کۆمپانیای شیاو بوو، ئینجا لێرەوە تێدەگەین هەر خودی بیرۆکەی بوونی کۆمپانیای بچوک و لۆکاڵیی بیرۆکەیەکی مۆدێرنە و دژ بەگیانی ژیانی سەرەتاییە نەریتخوازییەکەی باوەلێیە، کە بانگەشەی بۆ دەکات، کەواتە دەتوانین بڵێین باوەلێ با لەئاستی گوتاریشدا بانگەشەی گەڕانەوە بکات بۆ نەریتیی کۆن، بەڵام لە واقعدا باوەلێ لەناوەڕاستیی جیهانی مۆدێرنەدایە، بەڵکو بکەرێکی سەرەکیی نێو دنیاکەیە، ئەوەتا بەهۆی بەناوبانگبوونییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا بووە بە ئایکۆنێکی دیاری نێو دنیای مەجازیی و زۆرینەی کۆمەڵگا دەیناسێت، سەرمایەداریی و کاری کۆمپانیاکانیش تەنها فرۆشی زیاتر و قازانجی زیادیان دەوێت، وەکو دەزانین بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ ئینتەرنێت و بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی بووەتە گرنگترین پێداویستیی لەهەموو ماڵێکدا، ئەوا زۆرینەمان سەر بەهەمان دنیای مەجازین لەم ڕوانگەیەشەوە باوەلێ وەکو وتمان دەبێتە کاراکتەرێکی هاوبەشی ناسراو بۆ هەموومان، کۆمپانیاکان ئەمە دەقۆزنەوە و باوەلێ دەکەن بە کارمەند و فرۆشیار و بەڕێوبەریی کەپرەکانیان، لەکاتێکدا باوەلێ بانگەشەی خواردنی کوردەواریی دەکات، بەڵام لەوێدا ڕیکلام بۆ شتانێک دەکات کە سروشتیی نین و کارگەیین، لێرەوە باوەلێ دەکەوێتە نێو پارادۆکسێکی ترەوە.

1-https://azadbun.com/archives/5281

2-https://chawder.org/detailnews.aspx?jimare=37427&cor=14&related=2

3https://www.utoledo.edu/library/canaday/guidepages/Modernism2.html

4-(Janet Bennett:2008 ) Modernity and Its Critics through٫ The Oxford Handbook of Political.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×