فەلسەفەی دینی یەزدان

د. مەهدی كاكەیی
  2019-02-15     1308
كولتوری یەزدانی كولتورێكی كوردستانی ڕەسەنە، كولتورێكی ڕەوشەنە، كولتوری ئاشتیە، كولتوری تەكفیر و جیهاد و داگیركردن و سەربڕین و دەستدرێژی كردن بۆ سەر ئافرەت، نیە. كولتورێكە دانراوە لەسەر بناخەی (داوای ئاشتی بكە، تا ژیانت پێ ببەخشێت)، نەك لەسەر بناخەی (داوای مردن بكە، تا ژیانت پێ ببەخشێت). زۆربەی قوربانیی‌یەكانی‌ "خێركردنەكانی‌" ئەم دینە ئاشتیخوازن، پێكهاتنه لە میوە و نان. بۆنە دینییەكانی یەزدانی بەڕێوەدەبرێت لەگەڵ مۆسیقادا، كە دەرون و ڕەوان پێی دەدرەوشێتەوە و هەست شاددەكات. تا ئێستا مۆسیقا بەردەوامە لە ناو ڕێوڕەسمی دینی‌ یەزدان سەرەڕای تووشبوونی شێواندن.    

لە دینی یەزدانیدا، خودایەكی زاڵ هەیە (یەزدان)، بەتەواوی سەربەخۆیە لە كەونی مادی و دانەری هەموو یاسا فیزیكەكانە. یەزدان هەموو كەونە و كەون وەك سیستێمێكی ڕێكخراوی ئاڵۆز، دەبەسێتە خۆیەوە. هەروەها لە دۆناودۆندا، خودا خۆی دەردەخات لە نهێنییە هەفتەكەدا (هەفت فریشتە)، كە ژیانی دونیا دەپارێزن، یان خۆی دەردەخات وەك مرۆڤ. ئەم هەفت دەركەوتنەی خودا وەك هەفت دۆنەكانی (ئەنۆناكی‌)ە. (ئەنۆناكی) دەستەیە خودان لە دینە كۆنەكانی میزۆپۆتامیا، دینی باوباپیرانی كورد، سۆمەرییەكان. (ئانۆ) پادشای خوداكانە له میتۆلۆژیای سۆمەرییەكان. 

لە دینی یەزدان، یەكانەیەتی لە دروستكەری دونیا، یەزدانە و نە ناوێكی تایبەت بۆ (شەڕ) هەیە و نە خوای شەڕ هەیە. لە فەلسەفەی باوەڕی یەزدانی، یەزدان ڕووناكیی‌ و خێرە و هەرگیز تاریكی لە ڕووناكییەوە نایەت و خودایەك كە خێرە، دروستی مرۆڤی شەڕ ناكات و زاڵی ناكاته سەر دروستكراوەكانی. لە دینی یەزدان، خێر و شەڕ كردەوەی مرۆڤ خۆیەتیی، نەك كردەوەی خودایە. كە وابێت مرۆڤ خۆی كردار و قسەكانی دروست دەكات، دروستكراوێكی بەد (شەیتان "ئەهرێمەن") نیە تا كردەوە خراپەكانی مرۆڤ بخرێتە ئەستۆی (شەیتان "ئەهرێمەن"). لە دینی یەزدانی، هەبوونی شەڕ بە پێچەوانەی تێگەیشتنی خودایە، كە هەر خێرە. خودا مێشكی بە مرۆڤ داوە تا بیر پێی بكاتەوە، و ئەمە وا دەگەیەنێ مرۆڤ خۆی بڕیاری ئەنجامدانی كاری باش و خراپ دەدات و خۆی بەرپەرەستی ڕەفتار و هەڵە و تاوانەكانیەتی‌. ئەگەر خودا هەموو شتێك بنووسێت لە نێوچاوانی مرۆڤ و دەبێ بیكات، واتاكەی ئەوەتا كە خودی خودا دەبێژێت بە مرۆڤ دزی بكات و مرۆڤی تر بكوژێت. ئەگەر وەها بێت، ئەوە مرۆڤەكە تاوانبار نیە، خودا خۆی تاوانبارە و چەنێ مرۆڤ تاوان دەكات، هەمووی‌ كردەوەی خودایە و مرۆڤ بێویستە و هەر ئامڕازێكە بە دەست خوداوە و هیچ ڕۆڵێكی نیە لە دیاریكردنی ژیان و ئایندەی خۆی. 

فەلسەفەی یەزدانی‌ خۆی جیادەكاتەوە لە ئەو دینە ناوبراونە بە دینی ئاسمانی. فەلسەفەی یەزدانی دەبێژێت مرۆڤ خۆی سەرچاوەی خێر و شەڕە، نەك خودا، نابێژێت خودا چارەنووسی مرۆڤ دادەنات، و بۆیە فەلسەفەی یەزدانی ئازادی هزر و پێشكەفتن و دروستكردن دەدات بە مرۆڤ و دەهێڵێت سەربەخۆ بێت و بڕوای بە خۆ بێت. بەم شێوە مرۆڤ دەتوانێت خزمەتی‌ مرۆڤایەتیی بكات و بونیادی شارستانیی بكات، بە بێچەوانەی ئەو دینەكانی تر كە مرۆڤ  تیایدا بێ هزر و ویسته، پەنا دەباتە بەر خودا و چارەنووسی بەسراوەتەوە بە خوداوه. 

پەیوەندی نێوان مرۆڤی یەزدانی و خودا، پەیوەندییەكی ڕەوانی و خۆشەویستییە، چوونكە مرۆڤ بەشێكە لە زاتی یەزدان. بۆیە یەزدان مرۆڤی خۆشدەوێت و خودایەكی ئاشتیخوازە، "جەللاد" نیە و ئەشكەنجەی مرۆڤ نادات، هە ڕەشەی ئەشكەنجەدان و سوتاندن ناكات لە مرۆڤ و نایترسێنێت و نایتۆقێنێت، بە پێچەوانەی دینە به ناو ئاسمانییەكانەوه. ئەمە واتەكەی ئەوەتا لە دینی یەزدانی، خوداپەرەستیی ترس و تۆقاندن و سزادان نیه، بەڵكو عیشق و خۆشەویستییه. 

تێبینی: دینی یەزدانی بەردەوامبوونی میتراییە، كە دینی ئارییەكان بووە. دینی ئێزیدی و یارسان و هەڵاوی (عەلەوی) و دروز و شەبەك، بەشێكن لە دینی یەزدانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×