رۆژنامه‌نووسى كوردى/ سویدى
هه‌ر به‌له‌دایك بوونت له‌ئێران و به‌حوكمى كورد بونت، مه‌حكومیت به‌وه‌ى په‌تى سێداره بكرێته گه‌ردنت، ئێستا (په‌خشان عه‌زیزى و وه‌ریشه مورادی) چالاكوان، ته‌نها له‌به‌ر كوردبوون و ژن بوون و داواكردنى مافه سه‌ره‌تاییه‌كان، رووبه‌رووى هه‌مان چاره‌نووسى هه‌زاران كه‌سى تر بوونه‌ته‌وه، كه پێشتر به‌سزاى له‌سێداره‌دان شه‌هیدكراون. له‌ئێران ده‌سه‌ڵاتێكى توند‌و دڕه‌نده فه‌رمان ره‌وایه‌تى ئه‌و وڵاته ده‌كات، لە ڕێگەی ئەشکەنجە و زیندان وله‌سێداره‌دانه‌وه، ده‌نگه ناڕەزایبەکان كپ و بێ ده‌نگ دەکات. ئێستا کاتی ئەوەیه جیهان لەئاستى كورددا له خەوى سه‌دان ساڵه هەڵبسێت و ئه‌و زوڵمه بەو شێوەیە ببینێت کە هەیە، نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كان ده‌یه‌وێت، چونكه ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گووزه‌رێت جینۆسایدێکی سیستماتیکی دەنگ و ناسنامە و خەونی کورده.
پێشتریش بینیمان ژینا ئەمینی، ئەو ژنە گەنجە کوردەی لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاق له‌ئێران شه‌هیدكرا، به‌ڵام شۆڕشێکی گه‌وره‌و فراوانى هەڵگیرساند، لەسەر حسابی کورد بووە سیمبولی خەباتی ژنان لە ئێران،ئەوەی زۆرینه لەبیری ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه ژینا تەنیا ژن نەبووە، به‌ڵكو كوردیش بوو، ناسنامەکەی وەک ژنێکی کورد كردییه قوربانى ئه‌و سیاسه‌ته.
رژێمی ئێران لە مێژە سیاسەتێكى توندى بە ئامانجی بنبڕکردنی ناسنامەی کورد پەیڕەو کردووە، زمان قەدەغە دەکرێت، کلتوور ده‌سڕدرێته‌وه،ناوچە کوردییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک پشتگوێ دەخرێن،ژن و گه‌نج و پیاوو كه‌سانى به‌ته‌مه‌ن زیندانى ده‌كرێن و له‌سێداره ده‌درێن، تێکۆشەرانی کوردی وەک (عەزیزی و مورادى) له‌به‌ر بوێرییه‌كه‌یان بۆ داواكردنى مافى ژن بوون و كوردبوون، رووبه‌ڕووى نه‌هامه‌تى و ئه‌شكه‌نجه‌و سزاى له‌سێداره‌دان ده‌بنه‌وه.
لە زیندانەکانى ئێران‌دا، زیندانیانی کورد ئەشکەنجەى قورس و دڕندانه ده‌درێن، بۆ دانپێدانانی درۆ، بەبێ دادگاییکردنێكی دادپەروەرانەو ئاشكرا، رووبه‌روى سزاى له‌سێداره‌دان ده‌بنه‌وه، ئەمە پاکتاوکردنێكی سیستماتیکیانه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كى ته‌نها و بێ پشته له‌م جیهانه گه‌وره‌یه‌دا.
ئه‌گه‌رچى جیهان کاردانەوەی توندی هەبوو بەرامبەر بەشه‌هیدبوونى (ژینا ئەمینی) و له‌سه‌رانسه‌رى جیهاندا ناڕەزایی و خۆپیشاندانى گه‌وره‌ى بەدوادا هات، بەڵام له‌سه‌ر ئاستى ره‌سمى، هه‌نگاوێكى ئه‌وتۆ نه‌گیراوه‌ته به‌ر تا ده‌سه‌ڵاتدارانى رژێمى ئێران ناچار بكرێن، چیتر به‌و شێوه نامرۆڤانه‌و دڕندانه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س و گرووپێكدا نه‌كه‌ن كه ده‌یانه‌وێت پیاده‌ى مافى سه‌ره‌تایی مرۆڤ بوون و كوردبوون و ژن بوونى خۆیان بكه‌ن.
تا ئێستا (عەزیزی و مورادى) دواین كه‌سن كه ناویان له لیستى سزاى له‌سێداره‌داندا هه‌یه له‌به‌ر ژن بوون و كوردبوونیان، به‌ڵام پێ ناچێت دوا كه‌س بن، وڵاته به‌هێزه‌كان و ئه‌نجومىنى ئاسایش دەسەڵات و تواناى کردارییان هەیە بۆ رێگرتن له‌و دیارده‌یه، بەڵام بێدەنگبوون هەڵدەبژێرن، له‌پێناوى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیاندا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا مه‌گه‌ر به‌س خودا بۆخۆى بزانێت، چه‌ند كچ و ژن و گه‌نج و پیاوى كورد، سزا و ئه‌شكه‌نجه ده‌درێن و په‌تى سێداره‌ى زوڵم و دیكتاتۆرى له‌گه‌ردنیان ده‌ئاڵێندرێت.
ئێستا دەبێت چی بکرێت؟
- ناساندنی ستەم و چەوساندنەوەی کورد بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی: بۆ ئێران "بابەتی ناوخۆیی" نییە، بەڵکو تاوانێکە کە پێویستی بە ئیدانەکردن هه‌ڵوێستى جددى و كرداریی جیهانی هەیە.
ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی: دەبێت بەپەلە عەزیزی و مورادى و چالاکوانانی دیکەی کورد ئازاد بکرێن، پێویستە سوید و وڵاتانی دیکە داوای لێپرسینەوە لە ڕژێمی ئێران بکەن.
سزای توندتر: دەبێت سزای ئامانجدار بەسەر سەرکردەو دامودەزگاکانی ئێران‌دا بسەپێندرێت کە پێشێلکاری ئەنجام دەدەن.
سەرنج ڕاکێشان بۆ جینۆساید دژی کورد: پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بکەن بۆ توندوتیژییە سیستماتیکییەکانی ئێران بەرامبەر بە کورد بۆ ڕێگری‌کردن لە پێشێلکارییەکانی داهاتوو
ڕژێمی ئێران تەنیا لەبەر ئەوەی كوردن (عەزیزی و مورادى) شه‌هید ناكات، به‌ڵكوهەوڵی سڕینەوەی تەواوی ناسنامەیەک دەدات، بەبێدەنگبوونمان، ده‌بینه شاهیدو هاوبه‌ش لەم تاوانانەدا، با شه‌هیدكردنى (ژینا ئەمینی) بێهودە نه‌ڕوات، باله‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى هه‌نگاوى جدى و كردارى بنرێت بۆ ئازادكردنى (عه‌زیزى و مورادی)ییه‌كان له‌زیندان و رزگاركردنیان له‌ئه‌شكه‌نجه‌و په‌تى سێداره.