‌عادل عەبدولمەھدی لەناو جەرگەی فشارەکاندا

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
  2018-12-18     1860

جەنابی سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەھدی لە دۆخێکی ناھەموار دایە و توانای بڕیاردانی لەدەستداوە. لە دوایین پەیامی بۆ سەرۆک وەزیران، موقتەدا سەدر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ھەڕەشەی متمانە لێسەندنەوەی لێ کرد و وتی “تۆ دەزانیت کە شەش مانگ تا ساڵێکت لەبەردەم دایە بۆ سەلماندنی چانسی سەرکەوتووییت”. لیستی ناڕازییەکان تا دێ فراوانتر دەبێ و بەدڵنیاییەوە ھەر بە ھادی عامری و مالیکی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەدر و بەرەی تورکمانی داناکەوێ.

 

عەبدولمەھدی ئەزمونێکی توندوتۆڵی لە ململانێی سیاسیدا نیە و تاقیکردنەوەکانی رابردوی وەک کەسێکی پشوودرێژ دەریناخەن. بەشێکی گرنگی کێشەکە لە کەسایەتیی عەبدولمەھدی دایە کە لە بنەڕەتدا کەسایەتییەکی توندوتۆڵی نیە و مێژووی سیاسیی وەک کەسێکی نیگەران و ناجێگیر نیشانی دەدا.عەبدولمەھدی لە ژیانی سیاسیدا بە چەندین وێستگەی جیاوازدا تێپەڕیوە. لە پەنجاکاندا ئەندێشەی عەرەبایەتی بەسەر بیرکردنەوەی سیاسییدا زاڵ بوو، ھەر ئەمەش ھانیدا پەیوەندی بە رێکخستنەکانی حزبی بەعسەوە بکا. لە ساڵی ١٩٦٣ دا وازی لە حزبی بەعس ھێناو بەلای بیروباوەڕی چەپگەرییدا دایشکاند.

 

زۆری نەبرد پەیوەندیی بە پارتی کۆمۆنیستی عیراقەوە کرد بەڵام ئارەزووی کۆمۆنیزمێکی توندوتیژتری دەکرد، بۆیە بەلای بیروباوەڕی ماو تسی تۆنگدا دایشکاند و پەیوەندیی بەو توندڕەوانەوە کرد کە سەرکردایەتیی ناوەندیی پارتی کۆمۆنیستی عیراقیان بە سەرۆکایەتیی عەزیز حاج دامەزراند.

 

پاشان لە سوریا، لە سەرکردایەتیی ناوەندیش ھەڵگەڕایەوە و چووە ناو گروپێکی توندڕەوتر بە ناوی ویحدەت ئەلقاعیدە.لەگەڵ سەرھەڵدانی شەپۆلی ئیسلامگەرادا، وازی لە بیری چەپ ھێناو پەیوەندیی بە محەمەد باقر حەکیمەوە کرد، لە رێکخراوی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عیراقدا جێی خۆی کردەوەو لە سوریا گواستییەوە بۆ ئێران.

 

دواتر لەگەڵ عەبدولعەزیز حەکیم و دوای ئەو لەگەڵ عەممار حەکیم کاری کرد. ساڵی ٢٠٠٥ زۆر ھەوڵی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی دا بەڵام لایەنە شیعییەکان پێی رازی نەبون. بەر لەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتی پێ بدرێ، لە سێ پۆستدا وەک وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکی کۆمار و وەزیری نەوت تاقی کراوەتەوە کە ئەستەمە لە ھیچ کامیاندا بە سەرکەوتوو بژمێردێ.راڕاییەکەی وای لێ کردووە نەفەسی کورت بێ و نەتوانێ بەردەوام بێ لەسەر لێپرسراوەتییەکان.

 

ھەر ئەو راڕاییەشە کە وای لێ کرد، پاش دوو ساڵ لە دەستبەرکاربونی وەک وەزیری نەوت، کتوپڕ دەست لەکار بکێشێتەوە و بچێ لە ماڵ دانیشێ.ھۆی ھەڵبژاردنی بە سەرۆک وەزیران بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە کەسێکی بەتوانا و شایستەیە، بەڵکو چانس وای بۆ ھێنا کە رێکنەکەوتنی لایەنە شیعییە بەھێزەکان، وایکرد وەک کەسێکی پەسەندکراو لە چوارچێوەی سازاندا پۆستی سەرۆکی حکومەتی پێ بدرێ.

 

لە نێو ھەموو سەرۆک وەزیرەکاندا لە عێراقی تازەدا، عەبدولمەھدی لاوازترینیانە. لە رەوشێکی دژواری وەک ئەوەی عێراق تێیدا دەژی زۆر ئەستەمە کەسێکی وەک عەبدولمەھدی سەرکەوتوو بێ. تاکە بەھرەی عەبدولمەھدی ئەوەیە کە پەیوەندیی باشی لەگەڵ کوردو سوننەدا ھەیە. بەڵام بەپێی ئەوەی کە لە عێراق دەگوزەرێ، کەس نازانێ شیعەکان ھەتا کەی پشتگیریی دەکەن. سوننەکانیش لەسەر شێوەی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان، گلەییان لێی ھەیە.

 

لە نێو کوردیش لە سەرەتادا پشتیوانییەکی زۆری لێ کراو ھەر بەو چاوە سەیر کرا کە دۆستی کوردە. پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆک تاڵەبانی زۆر بەھێز بوو و ھەماھەنگییەکی تۆکمە لە نێوانیاندا ھەبوو. بەڵام ئێستا بە ھۆی قەیرانی وەزارەتی دادەوە، دەشێ پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدەستبدا.عەبدولمەھدی ھەر لەسەرەتاوە کارتی دەست لەکارکێشانەوەی بەکارھێناوە. وەک چۆن ماوەی چوار ساڵی خۆی لە وەزارەتی نەوت تەواو نەکرد، زۆر بە لایەوە ئاساییە کە ماوەی چوار ساڵی وەک سەرۆکی حکومەت تەواو نەکات.

 

دیارە ئەرکی عەبدولمەھدی زۆر قورسە. ھەنگاوەکانی بۆ گەیشتن بە سازان ھەنگاوی پتەو و تۆکمە نین. تا ئێستا ھەر لە ھەوڵی ئەوە دایە کە ھەموو لایەنە سیاسییەکان لە خۆی رازی بکات، بەڵام بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە لەم ھەوڵەدا سەرکەوتوو نەبوە. لەو ھەنگاوانەشی کە تێیدا ویستویەتی ھەندێک رازی بکاو ھەندێکی تر بە ناڕازی بھێڵێتەوە، بە چارەسەر نەگەیشتووە. کێشەی عەبدولمەھدی لەوە دایە کە ھێزی پێویستی بۆ سەپاندنی راوبۆچوونەکانی خۆی نیە و ھەموو لایەنەکان فشاری لەسەر دروست دەکەن. لە دۆخێکی وادا کەسێک نامێنێ پێی بوترێ دروستکەری بڕیار.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×