عادل مراد چۆن موچەی ھەرێمی بڕی؟!

بەختیار شاوەیس
  2020-04-28     1804
لە ٢١/٣/٢٠١٣ واتە یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆز، دەمەو ئێوارەیەکی درەنگ بوو، دنیا خەریک بوو تاریک دەبوو، لەگەڵ خێزان و ماڵی باوکم و کەسوکار لە سەیرانگای قەشقۆڵیەوە دەگەڕاینەوە بۆ سلێمانی، سەرشەقامەکان جمەیان دەھات لە ئۆتۆمبیل،  زەنگی مۆبایلەکەم لێیدا لەبەرئەوەی شۆفێریم دەکرد بەنیاز نەبوم وەڵامی پەیوەندیەکە بدەمەوە، بەڵام کە تێمڕوانی دەبینم ھەڤاڵێکی  بڕیاربەدەستی ئەوسای یەکێتیە، زۆر بەکەمی پەیوەندی دەکات وتم ڕەنگە لەم کاتەدا کارێکی گرنگی ھەبێت، یان پێدەچێ بۆ پیرۆزبایی نەورۆز بێت، بەھەرحاڵ لەبەر ھەرھۆکارێکیان بێت وەڵامم دایەوە، دوای سڵاوکردن ڕاستەوخۆ بە توڕەیی و جۆرێک لەھەڵچونەوە وتی تۆ ڕۆژنامەی ڕووداوت بینیوە؟ وتم نەخێر، وتی نەتدیوە چی تیابڵاوکراوەتەوە؟ وتم نەخێر، وتی نەتدیوە عادلە فەنی چی وتوە؟ وتم نەخێر، وتم  تێمگەیەنە کام عادل وتی عادل مراد.

وتی ئەی تۆ بڕیاردەری ئەنجومەنی ناوەندی نیت، چۆن نازانیت سکرتێرەکەت چی دەڵێ؟ وتی ئەی تۆ لە ڕۆژنامەکان لە کوردستانی نوێ نانوسیت، چۆن نازانیت کە ڕۆژنامەی ڕووداو چی بڵاوکردوەتەوە؟. 

وتم چەند ڕۆژێکە پشوە و ئاگاداری ھیچ نیم، ئیتر بەردەوام بوو لەقسەکردن، وتی بڕۆ سەیرکە عادل مراد چی گۆبەنێکی ناوەتەوە دەڵێ: ئەم نەوتە دەرمەھێنن و تاڵانفرۆشی مەکەن، دەڵێ: ئەمە سامانی نەوەکانی داھاتومانە پێویستە بیپارێزین، ئێستا بەغداد بەبێ دەرھێنانی نەوتەکەی خۆمان مولزەمە بەوەی کە ١٧٪ موچەی ھەرێم بنێرێت. 

نایشارمەوە لە دوای ئەم چاوپێکەوتنەوە ئیتر شەڕێکی بەردەوام لە نێوان پارتی و باڵەکەی حکومەت بەتایبەتی و عادل مراد بەرپا بوو ، ھەروەھا لەلاکەی ترەوە ململانێیەکی توند و سەخت لە نێوان چەند کەسێکی ناو یەکێتی و عادل مراد دەستیپێکرد کە ئەم شەڕە لەگەڵ پارتی و ئەو ململانێیە لەگەڵ کەسەکانی ئەوکاتی یەکێتیی ھەتا دوا ڕۆژی کۆچی دوایەکەیشی بەردەوام بوو، ھەروەک ململانێکە لە ناوخۆی یەکێتیشدا ڕەنگی دایەوە و پەراوێزخستنی ئەنجومەنی ناوەندیشی لێکەوتەوە ھەتا کۆنگرەی چوار.

بۆ ڕۆژی دواتر کاتێک کە تەواوی چاوپێکەوتنەکەی ڕەوانشاد کاک عادلم خوێندەوە (کە ئێستا لە ئەرشیفدا پارێزراوە و خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆی) تێگەشتم کە بۆ ئەو کاتە کۆمەڵێک بۆمبی چێنراو بوو، چونکە ئەو زۆر بەشەفافی و جەریئانە قسەی کردبوو، ڕیسکێکی گەورەی ئەوکات بوو بەژیانی سیاسی و ژیانی شەخسی خۆیشی، بەڵام خەمێکی قوڵی ژیاندۆستی و ئینساندۆستی و کورد دۆستی بۆ ئایندەی نەوەکانی ھەرێمی کوردستان لە قوڵایەکانی خوارەوەی وشەکانیدا خۆیان حەشاردابوو.

ئەوەکەی کە لە یادمە، ئەو تەنھا وتبوی با ئێمە لە ئێستادا دەست لەم نەوتە نەدەین، ھەڵیبگرین بۆ ئایندەمان بۆ ئەوکاتەی کە زەمینەی دروستکردنی دەوڵەت و سەربەخۆیمان دەبێ، ئەوەتا وڵاتێکی وەک نەرویج بەھێندەی بودجەی ٥٠ ساڵی تری وڵاتەکەی نەوتی ھەیە و دەستیلێنادات و ئایندەی سەدەیەکی نەوەکانی دابینکردوە بەھەڵگرتنی نەوتەکەی.

ئەو وتبووی: ئەم دەرھێنانەی نەوت دەبێتە کێشەی گەورە و دوور نیە بەھۆی ئەمەوە موچەی خەڵک نەبڕێت.

کاک عادل وتبووی: مالکی پێی وتووم: عادل لەم ڕۆژانەدا لە کۆنگرەیەک سەرۆکی کازاخستانم دیوە، وتویەتی دەستانخۆش بێت نەوتەکەتان نرخەکەی باشە و جۆرەکەیشی ھەر باشە و ماڵتان ئاوابێ، مالکیش وتویەتی نەوتی چی؟ جەنابی سەرۆکیش دەڵێ ئەونەوتەی کە ڕۆژانە لە سنورەکانی ئێرانەوە بەتانکەرەکان دەینێرن بۆمان، دیارە زۆر شتی دیکەی مێژوویی ڕوویدا کە لەکاتی خۆیدا دەکرێ وەک ڕاستیەک ئاماژەیان بۆ بکەین و لاپەڕەکانی ھەڵبدەینەوە.

ڕۆژان ھاتوو تێپەڕی ئەوساڵە دوایی ھات ، لە ساڵی دواتر واتە لە ٢٠١٤ ڕێک لە مانگی سێ ئەوکات لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق کاندید بووم، شەوێک لە شاری ڕانیە ھەندێک ماڵم بەسەردەکردەوە، تازە دەنگۆی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بڵاوبوبویەوە، لەپڕ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە ولەسەر زاری عادل مراد مژدەی ڕەوانەکردنی موچەی ھەرێم ڕاگەیەندرا، منیش زۆر خۆشحاڵ بووم، چونکە کارەکە یەکێتیی کردبووی، وە کاک عادل ھەستابوو پێی وە خۆیشم کاندید بووم و ئەم ھەواڵە ئومێدێکی دەدا بەئێمە و مانان بۆئەوەی زیاتر بچینە ناو خەڵک و قسە بکەین، ئاخر خەڵک لەوکاتەدا لە سەرەتای دڵەڕاوکێی بڕینی موچە بوو، کەھاتمە دەرەوە لەو ماڵە ڕاستەوخۆ تێلفۆنم بۆکاک عادل کرد، دوای دڵنیابوون لە ڕاستی ھەواڵەکە دەستخۆشیم لێکرد، بەڵام ئەو بەکەمێک نیگەرانیەوە وتی دۆخەکە وا ناڕوات و بەردەوام نابێت، مالکی تەنھا وەعدی ناردنی یەک مانگی موچەی پێداوم و ئەمە چارەسەر نیە، دواتر ھەرواش دەرچوو.

ھەموو چیرۆکی بڕینی موچەی ھەرێم لەلایەن عادل مراد بەم شێوەیە بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی یەکێتیی ڕاگەیاندنێکی لاوازی ھەبوو، لەبەرئەوەی یەکێتیی لەوکات لەناوخۆیدا دابەشی چەند بەرەیەک و بێسەروبەریەکی کوشندە بوو بوو، پارتیش لەولاوە ڕاگەیاندن و دارودەستەکەی، پارتی بەمیدیا سێبەر و زەبەلاحەکەی کەھەر بەپارەی نەوتە دزراوەکە ئیدامەی دەدا بەربونە وێزەی عادل مراد و ھەروەھا پەلاماردانی ھەموو ئەوانەی لەناو یەکێتیی کەوەک ئەوبیریان دەکردەوە و توانیان لەمەشدا مەرامەکانیان بەدیبھێنن و مەسەلەکەیان پێچەوانەکردەوە و عادل مرادی ڕەحمەتی بوە موچەبڕ، ھەزار ڕەحمەت لە پێشینان کە وتویانە دز ئازا بوو ساحێب ماڵی گرت.

ئێستا جێی خۆیەتی بپرسین

خۆ عادل مراد لە ژیان نەماوە، ئەی ئەمجارە کێ دەکەنە موچە بڕ؟.

ئەی خۆئێستا مالکی لە دەسەڵات نیە، بەڵکو ئەوعادل عەبدولمەھدییە سەرۆک وەزیرانەکە بە قەولی خۆتان ئەوەندە دۆستن بە ئەبو مەسرور و ئەبو فڵان بانگی یەکتر دەکەن؟.

ئەی نەک ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی تورکیا، بەڵکو ئاشتی ھەورامی نەیوت چاڵە نەوتەکانمان بەتورکیا فرۆشتوە؟ ئیتر بۆ دڵتان بەوە خۆشە کە ئەم مانگە بەغداد موچە دەنێرێت ئەویش بەناوبژیوانی بەریتانیا و ئەمریکا؟.

ئەی نەتاندەزانی حکومەتەکە موفلیسە و ١٢٨ ملیار دۆلار قەرزارە؟ ئەی نەتاندەزانی حکومەتەکە لە بری فرۆشتنی نەوتی کڕیوە؟ ئیتر چۆن ئێستا ڕووتاندێ و دەڵێن ئێمە ئەم کابینەیە ھاتوینەتە سەر قاسەیەکی بەتاڵ؟.

ئەی لەبیرتانچوو ساڵی پار کاتێک بەھەوڵی ھاوەڵەکانمان لەپەرلەمانی عیراق کێشەی موچەمان چاککرد ، دەیان جار و لەدەیان بۆنە و ھەلدا وتمان ئەم دۆخە ھەتا سەر ناڕوات و پێویستە ھەرێمیش ھەنگاوێک بێتە پێشەوە؟ نەوەک ئێستا بەشەرمەوە دەڵێن ھەموو نەوتەکە تەسلیم دەکەین بەڵام بەغداد جوابمان ناداتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×