وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەكەی پاکێجێکی نوێی سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت كە حەوت كەس و دامەزراوەیەك دەگرێتەوەو دیارترین ئەو کەسانەشی کە لە لیستی سزاكاندان ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە.
ئاوێنە: دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، رژێمی ئێران، مەترسییەكی قبوڵنەكراوی لەسەر بەریتانیاو هاوبەشەكانی دروستكردوەو بەردەوامە لە هەڕەشەكانی لەسەر خەڵك لەنێو خاكی بەریتانیاو هەروەها هەژمونی خۆی بەكاردەهێنێت بۆ تێكدانی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێگەی پشتیوانیكردنی لە گروپە چەكدارەكان لەنێویشیاندا بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی.
وتوشیەتی، سیستمی سزا نوێكانی بەریتانیا بۆ سەر ئێران، دەسەڵاتی فراوانی نوێمان پێدەبەخشێت بۆ چاسەرەكردنی ئەو "رەفتارە ترسناكە"ی تاران و پاكێجی سزاكانی ئەمڕۆش پەیامێكی رونە بۆ ر ژێمی ئێران كە "لەسەر كردەوەكانت لێپێچینەوەت لەگەڵ دەكەین."
بەپێی راگەیەندراوەكە، پاكێجی سزاكانی ئەمڕۆ حەوت كەس و یەك دامەزراوە لەخۆدەگرێت كە سەرجەمیان پەیوەندیداران بە حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینەوەو پێكدێن لە:
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.
محەمەد سەعید ئازادی، سەرۆكی لقی فەلەستینی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كە هاوكات سەرۆكی یەكەی ئەبوجیهادە بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی دەرەوە.
عەلی مورشید شیرازی، ئەندامی لقی فەلەستینی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.
ماجید زارع، ئەندامی لقی فەلەستینی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.
مستەفا مەجید خانی، ئەندامی لقی فەلەستینی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.
خالید قدومی، نوێنەری حەماس ل ئێران.
ناسر ئەبوشەریف، نوێنەری جیهادی ئیسلامی فەلەستین لە ئێران.
لەگەڵ دامەزراوەی لقی فەلەستینی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، تاوەكو ئێستا وڵاتەكەی زیاتر لە 350 كەس و دامەزراوەی ئێرانی خستونەتە نێو سزاكانییەوە، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ "پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن رژێمی ئێرانەوەو كاریگەرییە خراپەكانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی."