ڕاوێژکارێکی سودانی: لە ساڵی نوێدا هیچ گۆڕانکارییەک لە روونادات
  2023-12-21       891       


راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانکاری لە نرخی دراو روونادات تاوەکو رێککەوتن نەبێت و ئێستاش یەدەگی بانکی ناوەندی لە مێژووی عێراقدا بەرزترینە. بۆیە پێی وایە، "لە ساڵی نوێدا هیچ گۆڕانکارییەک لە بەهای دینار روونادات."
 
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد کە لەم قۆناخەدا بانکی ناوەندی دەتوانێت پارێزگاری لە بەهای دینار بکات. هەروەها وتی، بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە، پێویستە عێراق بە دینار مامەڵە بکات و دەبێت هەموو مامەڵە نێوخۆییەکان لە عێراق بە دینار بن. 
 
ئێستا نرخی دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە، بەڵام بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو بەرزبووەتەوە و 100 دۆلار بە 153 هەزار مامەڵەی پێوەدەکرێت. 
 
مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووی یاساییەوە لە ساڵی نوێوە مامەڵەکردنی نێوخۆیی بە دۆلار قەدەخەیە و هەموو مامەڵە، گرێبەست و کۆمپیالەیەک دەبێت بە دینار بێت. 
 
ئێستا 18 بانک لە عێراق هەن کە بانکی ناوەندی ئەمریکا مامەڵەیان لەگەڵدا ناکات، هەروەها پێدانی دۆلاری کاش لەلایەن ئەمریکا بە عێراق دیاریکراوە و سنووردارە بۆیە ئەو راوێژکارە گوتی، بانکی ناوەندی میکانزیمی خۆی هەیە لەبارەی گواستنەوەی پارەی کاش. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×