ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، پاسێكی خوێندكاران لە نزیك كونەماسی وەرگەڕا. بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، لە روداوەكەدا، 21 خوێندكار مامۆستاو فەرمانبەرو منداڵ گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، دو لە خوێندكارەكان و دو لە مامۆستاكان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرەو پێویستیان بە نەشتەرگەرییە.
ئاوێنە: نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى گشتیی پەروەردەى سلێمانى بهوهكالهت، ئێوارەی ئەمڕۆ له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، بەهۆى روداوى وەرگەڕانى پاسێک لە گەشتى قوتابخانهیهكدا، 14 خوێندکار و چوار مامۆستا و فەرمانبەر و سێ منداڵى مامۆستا و فەرمانبەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
وتیشى، "بهشێك لهبریندارهكان چارەسەرکراون، یاخود پێویستیان بە چارەسەر نەبوه و نهخۆشخانهیان جێهێشتوه، بهڵام دو لە مامۆستاکان و دو لە خوێندکارەکانیش دۆخى تەندروستییان ناجێگیره و پێویستیان بە نەشتەرگەری و چاودێریی چڕ هەیە".
لەلای خۆیشییەوە ئالان حهمهسهعید، وهزیری پهروهرده لهپهیامێكدا بڵاویكردهوه، "هیوای سەلامەتی بۆ مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەی برایەتی دەخوازم لە شاری سلێمانی کە ئەمڕۆ پاسی گەشتکردنیان توشی ڕوداوێکی دڵتەزێن بوە".
راشیگهیاندوه، "لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی قسەم کردوە، وێرای سوپاس بۆ نەخۆشخانەی شار، کاک شێخ فاخر شێخ تەیب، نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخەی راسپاردوە کە بێبەرامبەر هەمو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی پێشکەشی برینداران بکرێت".
پێشتر هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی روداوەكەوە وتی، نزیک کاتژمێر (٤) ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، پاسێکی خوێندکاران لەسەر ڕێگای کونەماسی وەرگەڕا لە نزیک گوندی کارێزە بەهۆی نەشارەزایی ڕێگاکە و کەمتەرخەمی شۆفێرەکەوە.