رۆژانى 28 و 29 ى نیسان، بەهۆى هێرشى درۆنى بۆ سەر بنکەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای دهۆک پێنج پێشمەرگە برینداربوون، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستانیش هێرشەکانى بە هەوڵێک بۆ تێکدانى پرۆسەی ئاشتی ناوبرد و هۆشدارییدایە ئەو گروپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
ئاوێنە: هەرچەندە ئەنجومەنى ئاسایش راستەوخۆ بەرپرسیارێتى هێرشەکانى نەخستە ئەستۆى هیچ گروپێک، بەڵام بابەکر زێبارى راوێژکارى سەربازى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا جەختیکردەوە، ئەو کردەوانەی پەکەکە جێگەی قبووڵکردن نییە و پێویستە سنورى بۆ دابنرێت.
هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) باڵى سەربازى پەکەکە رۆژى چوارشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست سبەى کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "لەم قۆناغە مێژووییەدا، کە ئێمە لە سەروبەندی بڕیارێکی ستراتیژیداین بۆ ئایندەی گەلەکەمان و بزووتنەوەکەمان، نامانەوێت گرژی و ململانێ لەگەڵ کەس درووست بکەین، بەپێچەوانەوە دەمانەوێت لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ هەموو لایەک کێشەکانمان چارەسەر بکەین".
دەشڵێت، بۆ پشتیوانى ئەو پرۆسە مێژوویی و گرنگەی ئۆجەلان دەستیپێکردووە، هەڵوێستێکی پشتیوان و ئەرێنی لە نێو هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا سەریهەڵداوە و چەندین کەسایەتیی سیاسی بە سەرکردە سیاسییەکانی باشووری کوردستانیشەوە پشتیوانی دەکەن. سەرەڕای ئەم کەش و هەوا ئەرێنییە، هێزەکانی پارتى هاوشانی سوپای تورکیا، بەردەوامن لە گەمارۆدانى هێزەکانیان.
دەشڵێت، هێزەکانی پارتى لە ٢٨ی نیسان لە نێوان گوندەکانی گوهەرزى و بێلاڤێ دەستیان کرد بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی نوێ. ئەوەش نیگەرانی جددی دەوروژێنێت. گرتنی ئەم خاڵە ستراتیژییە بەشێکە لە پلانی لەناوبردن و گەمارۆدان کە دژی هێزەکانیان ئەنجام دەدرێت، فەرماندەیی هەپەگە لەم ناوچەیەدا لە ئاستێکی سووکدا دەستوەردانی کرد بۆ هۆشداریدان لە ٢٨ و ٢٩ی نیسان، لەگەڵ هەستیاری بۆ دوورکەوتنەوە لە زیان.
بەپێی راگەیەنراوەکەى هەپەگە، بەهەمان شێوە لە گوندی بێشیلی سەر بە مەتینا هێزەکانی پارتى لە خاڵێکی ستراتیژی دەستیانکردووە بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی و ئاگربەستی گەریلا وەک دەرفەتێک دەزانن، هەوڵ دەدەن وردە وردە گەمارۆی بدەن، لە چوارچێوەی پلانی فەرماندەیی گشتیی تورکیا مامەڵە دەکەن و دەیانەوێت گەریلا بۆ شەڕێکی فراوانتر رابکێشن و لەناویان بەرن.