رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی كۆنفرانسی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی كورد لە رۆژئاوای كوردستان راگەیاندو جەخت دەكاتەوە كە یەكپارچەیی خاكی سوریا بۆ ئێمە شتێكی حەتمییەو دەشڵێت، داوای سیستەمی فیدراڵی بۆ سوریا، خەیاڵێكی خاوەو ئەو بابەتە هیچ جێگەیەكی لە واقیعی سوریادا نییە.
ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی گەڕانەوەیدا لە سەردانێكیدا بۆ ئیتاڵیا لەنێو فڕۆكەكەی لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسان دا.
ئەردۆغان لە بەشێكی قسەكانیدا رایگەیاند، دەبێت پەكەكە لەوە تێبگات كە "گەیشتۆە سەر رێگەیەكی بنبەست و وەڵامی بۆ بانگەوازەكە"ی ئۆجەلان هەبێت. جەختیشی كردەوە كە پڕۆسەی "توركیایەكی بێ تیرۆر"، پرۆسەیەكی "دانوستان نییە بەڵكو كەشێكی برایەتی"یە.
لەوەڵامی ئەوەدا كە هەڵوێستیان لەبارەی ئەو كۆنفرانسە (یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد لە رۆژئاوای كوردستان) چییە كە داوای فیدراڵی كردوە بۆ سوریا، ئەردۆغان وتی، یەكپارچەیی خاكی سوریا بۆ ئێمە شتێكی حەتمییەو دەشزانین حكومەتی سوریا بە هەمان هەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا دەكات.
ئەردۆغان وتیشی، "پرسی سیستەمی فیدراڵی (بۆ سوریا)، خەیاڵێكی خاوە، هیچ شوێنێكی لە واقیعی سوریادا نییە. پێویستە ئەو بڕیارانە بدرێن كە لە خزمەت سەقامگیری ناوچەكەدان نەك بڕیارگەلێك كە هەڕەشەن لەسەری لەڕێگەی خەو بینین بە حكومەتێكی فیدراڵییەوە لە سوریا. رێگە بە سەپاندنی دیفاكتۆ لە ناوچەكەمان نادەین، رێگەش بە هیچ دەستپێشخەرییەك نادەین هەڕەشە بێت بۆ سەر سەقامگیری هەمیشەیی لە سوریاو ناوچەكە یاخود ئەو سەقامگیرییە بخاتە مەترسییەوە. دەسەڵاتدارانی سوریا رایانگەیاندوە كە جگە لە ئیدارەی دیمەشق، هیچ دەسەڵاتێكی دیكە لە سوریا قبوڵ ناكەن و هیچ پێكهاتەیەكی چەكداریش جگە لە سوپای سوریا قبوڵ ناكەن، بۆ ئەو مەبەستەش خەریكی كاركردنن. رێبازی ئێمەش بۆ ئاسایشی سنور هاوشێوەی ئەوەیە."