ئا: ئاوێنە
د.فایەق گوڵپی، سیاسەتمەدارو چاودێری سیاسی، لەم گفتوگۆیەی ئاوێنەدا دەلێت "پەکەکە ئامادە نیە ٥ی ئایار کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەو چەکدانان لەسلێمانی ببەستێت".
گوڵپی، بەئاوێنەی ڕایگەیاند "ئەوەی جەنگیز چاندار وتویەتی بۆ ئەوەیە کۆمەڵگای تورکیا هێور بکاتەوە لەبارەی پرسی کورد، لەبەرئەوەی کۆمەڵگای تورکی ساڵانێکە بەدژایەتی کردنی پەکەکەو کورد پەروەردە دەکرێت، دەبێت هەندێک پەیامی ئاڕاستە بکرێت بۆ ئەوەی کاردانەوەی نەبێت دژی ئەو لایەنەی پرسی ئاشتی دەکاتو باوەڕی بەچارەسەری کێشەی کورد هەیە".
بەبڕوای گوڵپی. پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا کاتێکی زیاتری ئەوێت لەبەرئەوەی لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە سەرجەم حکومەتەکانی تورکیا نکۆڵیان لەبوونی کورد کردوەو جەختیان لەیەک نەتەوەو یەک ئاڵاو یەک زمانی تورکیا کردۆتەوە، ئەو وتی "بەڵام لەئێستادا هەنگاو نراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەتورکیا، ئێستا بەرپرسانی تورکیا دان بەبوونی کوردا دەنێن و هەوڵ دەدەن مافی کورد بدەن بەشێوەیەکی ئاشتیانە، ئەو عەبدوڵا ئۆجەلانەی لەئیمرالی زیندانی کراوەو لەسەرەتادا فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرکراو دواتر گۆڕا بۆ زیندانی کردنی هەتا هەتایی، ئێستا باس لەوە دەکرێت بچێتە پەرلەمانی تورکیاو وتارێک لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی پێشکەش بکات".
وتیشی "پێویستە گۆڕانکاریەکان تەنها لەسەرکردەکانی تورکیا نەمێنێتەوە بچێتە حکومەت، لەماوەی ڕابردودا شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمرالی کردو لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبویەوە دواتر سەردانی بەرێز ئەردۆغانیان کردو چەند کاتژمێرێک لەگەڵیدا کۆبونەوە، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا، لەم ڕۆژانەشدا بڕیار بوو سەردانی وەزیری دادی تورکیا بکەن کە ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی دادگاکانیش لەپرۆسەی ئاشتی رۆڵیان هەبێت و کاری لەسەر بکەن".
ئاماژەی بەوەش کرد "زۆر گرنگە سوپای تورکیا لەپرۆسەی ئاشتیدا ڕۆڵی هەبێت کە تاکو ئێستا پێوەی پابەند نەبووە، بەڵام هیچ ئۆپراسیۆنێکی گەورەیان ئەنجام نەداوە وەک لەماوەکانی ڕابردودا چەندین ئۆپراسیۆنیان لەژێر ناوی جیاجیا ئەنجام دەداو بانگەشەی لەناوبردنی پەکەکەیان دەکرد، ئەو وتی "لەئێستادا تەنها تۆپباران و بوردومان هەی،ە لەگەڵ ئەوەی کە پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاندوە سوپا بەردەوامە لەکارەکانی دژی پەکەکە، ڕاگەیاندنی تورکیاش هیچ هەنگاوێکی بەئاڕاستەی پرۆسەی ئاشتی نەناوە".
وتیشی "زۆر گرنگە پەرلەمانی تورکیا بێتە سەر هێڵ و کار لەپرۆسەی ئاشتی بکات، یەکێک لەمەرجەکانی پەکەکە بۆ چەکدانان ئەوەیە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرپەرشتی ئەو کۆبونەوەیە بکات، بۆ ئەمەش دەبێت دادگاکانی تورکیا کار لەپرۆسەی ئاشتی بکەن، چونکە ئۆجەلان سزادراوەو پەرلەمانی تورکیاش پرۆژەیاسایەک دەربکات بەناوی مافی هیوا، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە حوکمدراون لەتورکیا و تەمەنیان لە ٧٠ ساڵ زیاترە، بتوانن لەزیندان ئازاد بن لەژێر چاودێری حکومەت کاری سیاسی بکەن، ئەگەر ئەمە بکرێت مانای وایە پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە".
گوڵپی ئەوەی روونکردەوە کە ئەو هێرشانەی گروپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیا دەیانکردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئێستا وەستاوە، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆیە کوردو دەستکەوتی بەدەستهێناوە، بەڵام وەک پێویست نیە، ئەو وتی کاتی خۆی پەکەکە چەندین جار نەخشە ڕێگای هەبوە بۆ پرۆسەی ئاشتی کە تیایدا هاتوە: ١- ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادان. ٢- ڕاگرتنی هەڵمەتی ڕاگەیاندن دژی یەکتری. ٣- ئازادکردنی زیندانیەکان. ٤- گفتوگۆی شاندەکان .".