دەستەی کەشناسیی عێراق، پێشبینییەکانی کەشوهەوای چەند رۆژی داهاتووى ئاشکراکرد و رایگەیاند، تاوەکو هەفتەی داهاتوو، باران و شەپۆلی خۆڵبارینیش بەردەوام دەبێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە (30ی نیسانی 2025) دەستەی کەشناسیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی پێنجشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووریش ئەگەری بارانبارین هەیە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، خێرایی بای باشوور دەگاتە 20 بۆ 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش شەپۆلێکی خۆڵبارین لەگەڵ خۆیدا لە پارێزگاکانی باشووری عێراق دروستدەکات.
لەبارەی پلەکانی گەرماوە، پێشبینى دەکات، لە شارەکانى بەغداد، کەربەلا و نەجەف پلەکانی گەرما بگاتە 40 پلەی سیلیزی، بەڵام لە بەسرە ئەو پلەیە تێدەپەڕێنێت و لە پارێزگاکانی باکووریش پلەکانی گەرما لە سەروو 30 پلەى سیلیزییەوە دەبن.
دەستەی کەشناسیی عێراق، پێشبینی دەکات، رۆژی هەینی باران ببارێت.