سودانی: رەتیدەكەینەوە خاك و ئاسمانی عێراق بۆ هێرش بەكاربهێندرێت
  2025-06-13       208       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی دیدارێكدا لەگەڵ هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی دژی داعش ڕایگەیاند، ئەوەی دژ بە ئێران رویداوە پێشێلكارییەكی رونی یاسای نێودەوڵەتییەو كارێكی دوژمنكارانەیە و عێراق بەتەواوەتی رەتیدەكاتەوە خاك یان بواری ئاسمانی وڵاتەكەی بەكاربهێنرێت.

ئاوێنە: نوسینگەی رایگەیاندی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ ستیڤن ڤاگن، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و ژەنەراڵ كیڤن لیهی، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆبوەتەوە.

سودانی لە میانی دیدارەكەدا ڕایگەیاندوە، ئەوەی دژ بە ئێران كراوە پێشێلكارییەكی رونی یاسای نێودەوڵەتییەكانە و كارێكی دوژمنكارانەیە كە رێساكانی سیستەمی نێودەوڵەتیی تێكدەدات.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشەكە لەكاتێكدایە كە هێشتا هەوڵە دیپلۆماسییەكان بەردەوامن و ئەوە تەنیا هەوڵەكانی ئارامكردنەوەی دۆخەكە تێكنادات، بەڵكو نیازی بەئەنقەست بۆ راكێشانی ناوچەكە بەرەو روبەڕوبونەوەی بەفراوانتر ئاشكرا دەكات، لەبری ئەوەی رێگریی لێبكات.
 
سودانی باسی لەوەشكرد، عێراق بەتەواوەتی رەتیدەكاتەوە، خاك یان بواری ئاسمانی وڵاتەكەی بەكاربهێنرێت بۆ جێبەجێكردن یان ئاسانكاریكردن بۆ هەر هێرشێكی دوژمنكارانە دژ بە هەر دەوڵەتێكی دراوسێ. 
 
ئەوەشیخستەڕو، عێراق ماف و بەرپرسیارێتیی هەیە پارێزگاریی لە سەروەریی خۆی بكات و حكومەت هەمو رێكارێكی یاسایی بۆ ئەم مەبەستە دەگرێتەبەر.

ئەوە لەكاتێكدایە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل هێرشێکی سەربازی "پێشوەختە"ی بۆ سەر پێگە سەربازی و ئەتۆمیەكان ناو خاکی ئێران دەستپێکرد. هێرشەکەی ئیسرائیل بوە هۆی کوژرانی لانیکەم 20 فەرماندەی باڵای سەربازی، لەنێویاندا فەرماندەی سوپا و سەرۆکی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×