كۆمسیۆن جارێكی دیكە ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی درێژكردەوە
  2025-06-12       191       

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی تاوەكو 20ی ئەم مانگە درێژكردەوە.

ئاوێنە: بەپێی نوسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەنجومەنی كۆمیسیاران بڕیاریداوە بۆ ماوەی پێنج رۆژی دیكە، ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژبكاتەوە.

بەگوێرەی نوسراوەكە، پێشتر وادەی كۆتایی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران رۆژی یەكشەممەی داهاتو 15ی ئەم مانگە بو، بەوەش وادەكە بۆ 20ی ئەم مانگە درێژكراوەتەوە.

بڕیارەكەی ئەنجومەنی كۆمیسیاران ئەمڕۆ پێنجشەممە بە كۆی دەنگ دەرچوە.

بڕیارە رۆژی 11ی 11ی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن، كۆی گشتی تۆماركراوان لەدوای نوێكردنەوە گەیشتۆتە 21 ملیۆن و 223 هەزارو 318 كەس كە لەنێویاندا 1 ملیۆن و 909 هەزارو 510 لەم ماوەیەی دواییدا داتاكانی خۆیان نوێكردۆتەوە.

هەر بەگوێرەی ئامارەكە پارێزگای نەینەوا لەڕوی ژمارەی نوێكردنەوەی داتاكانەوە بە پلەی یەكەم دێت لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عێراق و بەری كەرخی بەغدا بە پلەی دوەم و پارێزگای هەولێر بە پلەی سێیەم دێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×