ئه‌مریكا له‌باره‌ى عێراقه‌وه‌ په‌یامێكى به‌په‌له‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌
  2025-06-12       3489       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا په‌یامێكى به‌په‌له‌ى ئاراسته‌ى خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌ى خۆى له‌ئه‌مریكاو له‌عێراقیش كردوه‌و ده‌ڵێت:"بەهۆکاری ئەمنی، قەدەغەیە فەرمانبەرانی ئەو وڵاتە لەفڕۆکەخانەی بەغداوە گەشت بکەن"، ئەم بڕیارەش لەکاتێکدایە، دوێنێ ئەمریکا ڕایگەیاند، بەشێک لەکارمەندە ناپێویستەکانی لەباڵیۆزخانەی بەغدا دەکشێنێتەوە.

ئاوێنە:  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرزترین ئاستی هۆشداریی گەشتکردنی بۆ عێراق دەرکردو داوا لەهاوڵاتییانی دەکات بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن. 
 
له‌ڕاگەیه‌ندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاستی هۆشداریی بۆ گەشتکردن بۆ عێراق بەرزکراوەتەوەو هۆشداریی توند دراوە لەوەی، هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە گەشت بۆ عێراق بکەن، ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزییە زیادبوەکانی ناوچەکەوه‌.
 
لەهۆشدارییەکەدا هاتوە، "بەهۆی تیرۆر، ڕفاندن، ململانێی چەکداریی، نائارامیی مەدەنی‌و توانای سنورداری حکومەتی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری بەهاوڵاتییانی، گەشت بۆ عێراق مەکەن".
 
وەزارەتەکە ئه‌وه‌شى ڕونكردوه‌ته‌وه‌، "هاوڵاتییانی ئەمریکی لەعێراق ڕوبەڕوی مەترسیی گەورە دەبنەوە، لەوانە توندوتیژیی‌و ڕفاندن، بۆیه‌ هۆشداریده‌ده‌ین لەوەی گروپە تیرۆریستی‌و یاخیبوەکان‌و میلیشیا دژە ئەمریکییەکان بەردەوام هێرشدەکەنەسەر هێزە ئەمنییەکان، هاوڵاتییانی مەدەنی، هاوڵاتییانی ئەمریکی‌و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، هێرشەکانیش بەبەکارهێنانی بۆمبی چێندراو، موشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەزۆربەی ناوچەکان، بەشارە گەورەکانیشەوە، ڕودەدەن".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لەو هاوڵاتییانەی دەکات کە لەعێراقن یان بڕیاری گەشتکردن دەدەن، پلانی ئەمنی تایبەت بەخۆیان دابنێن، خۆیان لەپرۆگرامی (STEP) تۆماربکەن بۆ ئاسانکاریی پەیوەندیکردن لەکاتی فریاکەوتندا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×