ئەو وەفدەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵكی ناڕازی سلێمانی كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەغدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق كۆبونەوە رایدەگەیەنن، تەیف سامی پێی وتون لەبارەی ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵین.
ئاوێنە: دوای گەڕانەوەیان لە بەغدا، ئەمشەو پێنجشەممە، ئەو وەفدەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵكی ناڕازی پارێزگای سلێمانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان، راگەیەندراوێكیان لەبارەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، خوێندەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، كۆبونەوەكەیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ماوەی یەك كاتژمێر و 15 خولەكی خایاندوە.
وەفدەكە دەڵێن، لە كۆبونەوەكەدا بەوردی باس لە رێگرییەكانی بەردەم پڕۆسەی تەوتینی موچەو ناردنی موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردو و دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ پرۆسەی تەوتین و باس لە لێبڕینی لەسەدا 3ی خانەنشینی لە موچە كرا.
ئاماژەیان بەوەشدا، لە كۆبونەوەكەدا بۆمان رونبوەوە كە تا ئێستا هەرێم یو پی ئێن فەرمانبەرانی نەناردوە بۆ بەغدا.
بەپێی قسەی وەفدەكە، تەیف سامی تەئكیدی كردۆتەوە كە نابێت زۆر لە هیچ فەرمانبەرێك بكرێت بەمەبەستی پڕكردنەوەی هیچ هەژمارێك و تەنانەت خودی وەزیر زانیارییەكی ئەوتۆی نەبو لەسەر هەژماری من.
وەك خۆیان باسیان كرد، تەیف سامی بە وەفدەكەی وتوە، تەوتین بە تاك تاكە جێبەجێ ناكرێت، چونكە پێویستی بە ئیمزای وەزیری دارایی هەرێم هەیە و چەندین جار نوسراوی بۆ تەوتینی موچە كردوەو بەڵام هەرێم وەڵامی هیچ نوسراوێكی وەزارەتی دارایی عێراقی نەداوەتەوە.
بەپێی قسەی وەفدەكە، تەوتینی موچە پێویستی بە نوسراوی رەسمی وەزیری دارایی هەرێم و ئیمزای وەزیری دارایی هەرێم هەیە بەڵام جەنابی وەزیر خەریكی وەسفكردنی هەژماری منە كە لە عێراق نازانرێت چیەو ئامادە نییە نوسراوی فەرمی بكات بۆ تەوتینی موچە یان دەتوانێت بە نوسراوێك رێگەبدات وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لیستی ناوەكان بنێرن بۆ تەوتینكردن و جەختیشیان كردەوە كە "وەزیری دارایی هەرێم بەرپرسیارە لە جێبەجێ نەكردنی تەوتین."
هەروەها وەفدەكە ئاماژە بەوەشدەدەن كە لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا باس لە موچە كراو وەزیری دارایی وتی، ئەو پابەندی دەستورو یاسایەو چاوەڕێی دادگای فیدراڵییە رای كۆتایی دەربارەی ئەو سكاڵایە بدات كە تۆماركراوە لەبارەی جیاكردنەوەی موچە لە ململانێ سیاسییەكان، واتە ناردنی موچە پەیوەستە بە بڕیاری چاوەڕوانكراوی دادگای فیدراڵییەوە.
وەفدەكە دەشڵێن "وەزیری دارایی عێراق دوچاری سەرسوڕمان بو كاتێك وتمان موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردومان وەرنەگرتوەو باوەڕی نەدەكرد چونكە بەغدا ئەو موچەیەشی ناردوە."
وەفدی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵكی ناڕازی دەشڵێن"چاوەڕوانین بەمزوانە دادگا بڕیاری خۆی بدات و موچەی فەرمانبەران رزگار بكرێت لەدەستی ئەوانەی یاری بە نان و قوت و پاروی سەر سفرەی فەرمانبەران دەكەن"و بەڵێنیشیان دا كە "تا دوا هەناسە" بەركردار بجەنگن لەپێناو جێبەجێكردنی تەوتینی موچەدا.