پزیشكیان: بەردەوام دەبین لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم
  2025-06-12       391       

مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران جەخت دەكاتەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم. ئەوەش لەدوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران دێت كە ئێران كاردانەوەی توندی بەرامبەر نیشانداو رایگەیاند، دامەزراوەیەكی دیكەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە شوێنێكی "پارێزراو" دەخەنەگەڕ.

ئاوێنە: مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای ئیلام راگەیاند، ئێمە لەسەر رێگەكەی خۆمان و پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبین.

جەختیشی كردەوە كە بە بۆردومانكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەنێوناچێت، چونكە هەمو ئەو توانایانە لەنێو هزریی ئێمەدان و هەر شوێنێك بۆردومان بكەن، دوبارە دروستی دەكەینەوە.

قسەكانی پزیشكیان دوای ئەوە دێن كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی پارێزگارانی سەربە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەكی پەسەندكرد كە تێیدا رایگەیاند، لەماوەی نزیكەی 20 ساڵی رابردودا ئێران بۆ یەكەمجار پابەندییەكانی خۆی لە بواری نەهێشتنی چەكی ئەتۆمی پێشێلكردون و لە ساڵی 2019ەوە تاوەكو ئێستا هاوكاری تەواوەتی لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان نەكردوە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەك و چالاكییە ئەتۆمییەكانی لە چەندین پێگەی رانەگەیەندراودا.

ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە 33 وڵاتی ئەندام پێكهاتوە، 19 وڵاتیان لەنێویاندا ئەمریكا، بەریتانیا، فرەنسا و ئەڵمانیا لە بەرژەوەندی بڕیارنامەكەو لەدژی ئێران دەنگیان داو هەر سێ وڵاتی چین و روسیا و بۆركینافاسۆ لەدژی بڕیارنامەكە دەنگیان داو 11 وڵاتەكەی دیكە دەنگیان نەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران و رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە ئیدانەی بڕیارەكەیان كردو بە "سیاسی" لەقەڵەمیان دا.

دوابەدوای بڕیارنامەكە، محەمەد ئیسلامی، سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانی بەگەڕخستنی دامەزراوەی سێیەمی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە "شوێنێكی پارێزراو" دەركردو هەروەها فەرمانی دا بە گۆڕینی ماكینەكانی نەوەی یەكەم لە دامەزراوەی "فوردو" كە دامەزراوەیەكی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماكینەی پێشكەوتو لە نەوەی شەشەم.

سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران راشیگەیاند، شوێنی دامەزراوەی سێیەمی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ خستنەگەڕ ئامادەیەو لەگەڵ دابینكردنی ماكینەو كەرەستەكانی دەخرێتەگەڕ.

محەمەد ئیسلامی شوێنی دامەزراوەی سێیەمی پیتانی یۆرانیۆمی ئاشكرا نەكرد بەڵام وتی، لە شوێنێكی پارێزراودایە.

ئێران تاوەكو ئێستا دو دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم هەن؛ نەتەنز كە دەكەوێتە پارێزگای ئەسفەهان و فوردو كە دەكەوێتە پارێزگای قوم.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×