تەیف سامی و وەفدێكی مامۆستایانی سلێمانی تاوتوێی موچەیان كرد
  2025-06-12       828       

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی پێشوازی لە وەفدێكی مامۆستایانی سلێمانی كردو تاوتوێی تەوتینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیان كرد. 

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، تەیف سامی، وەزیری دارایی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشوازیكرد لە وەفدێكی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی بە هاوڕێیەتی غالب محەمەد، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە دیدارەكە تاوتوێی تەوتینكردنی موچە كرا بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر پێویستی هاندانی هەرێمی كوردستان بۆ پەلەكردن لە تەوتینكردنی موچەو رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان لەپێناو خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست بە دۆخی پەروەردە لە پارێزگای سلێمانی كراوەو وەزیری دارایی گوێی لە كۆمەڵێك داواكاریی گرتوە كە لەلایەن وەفدەكەی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانییەوە خراونەتەڕو و تاوتوێی رێكارە پێویستەكان كراوە بۆ جێبەجێكردنیان لەچوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵیدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، تەیف سامی جەختی لەسەر پەرۆشی وەزارەتەكەیان كردۆتەوە بۆ گەرەنتیكردنی مافی كارمەندانی پەروەردەو ئاماژەی بەوەشداوە كە پەروەردە یەكێكە لە ئەولەویاتەكانی بەرنامەی چاكسازی و گەشەپێدانی حكومەت.

لای خۆیانەوە، وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، وەفدەكەی مامۆستایانی سلێمانی سوپاسی هەوڵەكانی وەزیری داراییان كردوە بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی پەروەردەو جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی نێوان وەزارەت و دامەزراوە پەروەردەییەكان كردۆتەوە لەپێناو خزمەتكردنی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان.

پێشتر غالب محەمەد، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق كە هەماهەنگكاری كۆبونەوەكە بوە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، كۆبونەوەكەی بۆ وەفدێكی دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و گروپی خەڵكی ناڕازی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق رێكخستوە.

غالب محەمەد وتیشی، سەعات 9ی ئەمشەو لەگەڵ گەڕانەوەیاندا لە بەغدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رناوەڕۆكی كۆبونەوەكە ئاشكرادەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×