حكومەتی هەرێم: بەغدا هەمو مانگێك موچەی دواخستوەو هیچ ساڵێك 12 موچەی نەناردوە
  2025-06-12       152       

حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە چەند ساڵی ڕابردودا، حكومەتی فیدراڵیی عێراق، لەسەر ئاستە سیاسی و ئابوری و داراییەكان، گەمارۆی خستوەتە سەر خەڵكی هەرێم و فشاری بەردەوامی بۆ بچوككردنەوە و لاوازكردنی هەرێم كردوە. دەشڵێت، بەغدا هەمو مانگێك موچەی دواخستوەو هیچ ساڵێك 12 موچەی نەناردوە.

ئاوێنە: حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، "بۆ ماوەی 11 ساڵە حكومەتی فیدراڵی بودجە و موچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرانبەردا هەمو مانگێك بیانوی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی موچە دروست كردوە. سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە موچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە."

بەپێی راگەیەندراوەكە "حكومەتی هەرێم هەمو مانگێك بیانوەكانی بەغدای بڕیوە و كێشەكانی لیستی موچەی چارەسەر كردوە، بۆ ئەمەش سیستەمی پەیرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتوی خانەنشینیی عێراق و سیستەمی بەبانكیكردنی موچەی جێبەجێ كرد و لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست ولەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەمو شێوەیەک ڕاگرت. بەڵام حكومەتی فیدراڵی هەمو مانگێك موچەی موچەخۆرانی دوا خستوە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 موچەكەی بۆ هەرێم نەناردوە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزران و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق."

حكومەتنی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە "لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا موچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 ترليۆن دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 ترليۆن دینار نێردراوە."

ئاماژەی بەوەشداوە، بەغدا لە ڕێگەی سكاڵای نێودەوڵەتییەوە لە مانگی ئاداری 2023ەوە ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت، كە "بە هۆیەوە عێراق و هەرێمی كوردستان 25 ملیار دۆلار زیانیان بەركەوتوە.

وتوشیەتی"حکومەتی هەرێم لە 4ی نیسانی 2023 لەگەڵ عێراق ڕێکكەوتنی ئیمزا کرد کە نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت. هەرێم 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردوە، بەڵام عێراق هیچ تێچویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەكردوە. جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی ڕادەست كردوە، بەڵام بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیوە و بەوهۆیەوە پرۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندوە، سەرەڕای پەسندكردنی بودجە بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025."

حكومەتی هەرێم هێمای بۆ ئەوەش كردوە "عێراق جگە لەوەی موچە و بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێ، ئاستەنگیش لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروست دەكات، تاكو نەتوانێت ئابورییەكەی ببوژێنێتەوە و موچە دابین بكات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمو پاساوەكانی بەغدای لە بواری دارایی و نەوتدا بڕیوە، هاوكات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و كاركردن بە دەستور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پیشان داوە، بەڵام سزادان و گەمارۆكانی بەغدا بۆ سەر خەڵكی كوردستان بەردەوامن و نیازی حكومەتی فیدراڵی لە دژایەتیی قوڵی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیدا بۆ ناوخۆ و دەرەوە ڕون بوەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی توندی حزبەكانی كوردستان و عێراق و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەدار و چاودێرانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×