کەناڵی ٢٤ ـی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکدا بە تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لە سوریای ڕاگەیاندووە، ئێمە سوریایەکی لە چەک داماڵراو و بەبێ هەژموونی ئێران و تورکیامان دەوێت.
ئاوێنە: کەناڵی ٢٤ ـی ئیسرائیل لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەی تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لە سوریا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەمجۆرە زانیاری خستووەتەڕوو، دوێنێ تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لە سوریا سەردانی ئسرائیلی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی ئەو وڵاتەدا كۆبوەتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، تۆماس باراک بە یاوەریی شاندێکی سەربازی سەردانی بەرزاییەکانی جولان، ناوچەی جەبەل شێخ و سەربازگەکانی ئیسرائیلی، لە باشوری سوریا کردووە، کە بەم دواییە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە داگیرکراون.
دەشڵێن، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تۆماس باراکی ڕاگەیاندووە، کە ئەوان دەخوازن دڵنیابن لەوەی، کە سوریا نابێتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی وڵاتەكەمان.
باس لەوەشكراوە، ناتانیاهۆ وتوشیەتی، ئەوان سوریایەکی داماڵراو لە چەک و بێ هەژموونی سەربازی تورکیایان دەوێت، وەک چۆن ناخوازن دووبارە ئێران لەسەر سوریا هەبێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تۆماس باراک ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتی کاتی دیمەشق دەیانەوێت پەیوەندیەکی بەهێزیان لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت، هەروەها، كێشەكانی ئیسرائیل و ئەو وڵاتە لەگەڵ سوریا ئەگەری چارەسەرکردنیان هەیە.