وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، بەتوندترین شێوە ئیدانەی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەكەن و راشیدەگەیەنێت كە نابێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەماشاكەر بێت و چیتر راگەیەندراوی ئیدانەكردن بەس نییەو دەبێت هەڵوێستی نێودەوڵەتی وەربگێڕدرێتە سەر هەنگاوی رێگریكەرو كردەیی.
ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، حكومەتی عێراق بەتوندترین شێوە دەستدرێژییە سەربازییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی ئێران ئیدانە دەكات و هێرشەكە پێشێلكردنێكی ئاشكرای بنەما سەرەكییەكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكان و هەڕەشەشە لەسەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی بەتایبەت لەكاتێكدا كە دانوستانی ئەمریكا و ئێران لەئارادایە.
جەختیشی كردۆتەوە كە نابێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك تەماشاكەر بمێنێتەوە بەرامبەر ئەم پێشێلكارییە، دوبارە پەنابردنە بەر لۆژیكی هێز بۆ سەپاندنی واقیع هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە مۆدێرنەكانە.
ئاماژەی بەوەشداوە، چیتر دەركردنی راگەیەندراوی ئیدانەكردن بەس نییە و دەبێت هەڵوێستی نێودەوڵەتی وەربگێڕدرێتە سەر هەنگاوی رێگریكارانەو كرداری.
حكومەتی عێراق داوای كۆبونەوەی دەستبەجێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوە بۆ وەرگرتنی رێكاری یەكلاكەرەوەو كۆنكرێتی بۆ رێگریكردن لەو دەستدرێژییانە و گەرەنتیكردنی دوبارە نەبونەوەیان و گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ سیستمی یاسا نێودەوڵەتییەكان.
وتوشیەتی، ئەگەر سەلێندرا كە ئەو میكانیزمانەی هەن ناتوانن بەم رۆڵە هەڵسن، ئەوا پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەست بكات بە دیالۆگ و گفتوگۆیەكی جددی لەبارەی دۆزینەوەی ئەو چوارچێوەی بەدیلانەی كە دەستەبەری لێپێچینەوەو سەپاندنی دادپەروەری دەكەن و ئاشتی جیهانی دەپارێزن.
حكومەتی عێراق پابەندبونی نەگۆڕی خۆی بۆ پرەنسیپی سەروەری و بەكار نەهێنانی هێز و یەكلاكردنەوەی ململانێكان بەڕێگەی ئاشتی دوپاتكردۆتەوەو هاودەنگی خۆی بۆ گەلی ئێران و تەواوی ئەو گەل و وڵاتانە دەربڕیوە كە باوەڕیان بە سیستمێكی نێودەوڵەتی دادپەروەر هەیە كە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە رێساكان نەك پێشێلكردنیان و لەسەر بنەمای سەروەری یاسا نەك لەسەر لۆژێكی جەنگەڵ، دامەزرابێت.