عێراق هاودەنگی خۆی بۆ ئێران دوپات دەكاتەوە
  2025-06-15       198       

ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان كۆبوەوەو هاودەنگی وڵاتەكەی بۆ ئێران دوپات كردەوە.

ئاوێنە: سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە كۆبونەوەكەدا پێداچوونەوە بە دۆخی پرسە ئەمنی و سەربازییەکان کرا، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندن و گرژیانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "ئەنجوومەنەکە هاودەنگی عێراقی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتکردەوە، کە بە ئامانجی بەرفراوانکردنی ململانێکان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کەوتۆتە بەر دەستدرێژییەکی ئاشکرای زایۆنیستەکانەوە، هەروەها جەخت لە سەر ئامادەیی عێراق کرایەوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویست بۆ گەلی ئێران بەمەبەستی چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ئەو دەستدرێژییە."

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا سودانی جەختی کردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق و ئاماژەی بە ڕاسپاردەکانی پێشووی بۆ وەزارەتی دەرەوە کرد، بۆ کارکردن لە چوارچێوەی دەستە نێودەوڵەتییەكاندا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و ڕەتکردنەوەی ئەو پێشێلکاریانەی کە لە لایەن قەوارەی زایۆنیستییەوە ئەنجام دراون.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە کۆمەڵێک دۆسیەی پەیوەندیدار کرا، لەوانە پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئەو قەیرانانەی کە لە ناوچەکە ڕوودەدەن، لەم بارەیەوە  سودانی جەختی لەسەر توانای دەزگاکانی دەوڵەت کردەوە، بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی و توانای پیشەیی بەرزیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەنجومەنەکە جەختی لەسەر لێپێچینەوەی یاسایی لەو کەسانە کردەوە کە هاندەری نانەوەی ئاشوب و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستن، و دۆخی ناوچەکە دەقۆزنەوە بۆ تێکدانی سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×