ئەمریكا سزا بەسەر سێ سەركردەی كەتیبەكانی حزبوڵاو كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی عێراقیدا دەسەپێنێت
  2024-01-22       483       

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كۆمپانیای فڕۆكەوانی "فڵای بەغداد"و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكەو سێ سەركردەی كەتیبەكانی حزبوڵادا لەعێراق خستە لیستی سزاكانییەوە، ئەوەش بەتۆمەتی هاوكاریكردنی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، كۆمپانیای فڵای بەغدادی خستۆتە لیستی سزاكانییەوە بەهۆی ئەوەی هاوكاری گروپە چەكدارەكانی سەربە ئێرانی لە عێراق، سوریاو لوبنان كردوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سێ سەركردەی كەتیبەكانی حزبوڵای لە عێراقی خستۆتە لیستی سزاكانییەوە لەگەڵ كۆمپانیایە كە ئاسانكاریی دارایی بۆ كەتیبەكانی حزبوڵا كردوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا وتویەتی"ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ جەختكردنەوە لەسەر هەڕەشە بەردەوامەكانی سوپای پاسداران و تۆڕی گروپە بریكارەكانی بۆ سەر كارمەندانی ئەمریكا لە ناوچەكە."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە كەتیبەكانی حزبوڵا لە كاتی دەستپێكردنی شەڕی ئەمجارەی ئیسرائیل و حەماسەوە، ژمارەیەك هێرشی درۆنی موشەكی كردۆتە سەر كارمەندانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا.

برایان نیڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری دژەتیرۆر، لەدوای سەپاندنی ئەو سزایانە وتی، ئێران و گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە، "خەریكی خراپ بەكارهێنانی ئابوریی ناوچەكەو سودوەگرتنن لە بازرگانی بەڕواڵەتی یاسایی وەك روپۆشێك بۆ دابینكردنی پارەو ئاسانكاری بۆ هێرشەكانیان."

ئەو سێ سەركردەیەی كەتیبەكانی حزبوڵا كە سزادراون بەپێی راگەیەندراوێكدا پێكدێن لە:

-حسێن موئنس عوبێدی ناسراو بە حسێن موئنس، کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و بەرپرسێکی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵایە.

 -ریاز عەلی حسێن عەزاوی، پسپۆڕە لە بەکارهێنانی درۆن و ئەندازیارە لە حەشدی شەعبی.

-ئەوقەت موحسین فەرەج حەمداوی، برای بچوکی ئەحمەد حەمداوی، سکرتێری گشتی کەتیبەکانی حیزبوڵایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×