ئەو پەرلەمانتارەی ئەمریكا سزای دا: ئایا کاتی نەهاتوە بە چەکی بەهێزتر لە ئەمریکا بدرێت؟
  2024-01-22       706       

ئەو پەرلەمانتارە عێراقییەی كە ئەمڕۆ دوشەممە، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە خرایە لیستی سزاكانی ئەو وڵاتەوە، دەڵێت، ئایا كاتی ئەوە نەهاتوە، بە چەكی بەهێزتر لە ئەمریكا بدرێت.

ئاوێنە: حسێن موئنیس، ئەندامی لیژنەی داراییە لە پەرلەمانی عێراقەو هاوكات سەرۆكی بزوتنەوەی حقوقە، ئەو وەك یەكێك لە سەركردەكانی كەتیبەكانی حزبوڵا، ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە خرایە لیستی سزاكانی ئەو وڵاتەوە.

لە یەكەم كاردانەوەیدا بەرامبەر بڕیارەكەی ئەمریكا، ئەو پەرلەمانتارە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی"ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە بە چەكی مەترسیدارو بەهێزتر لە قەوارەی زایۆنی و ئەمریکا بدرێت؟"

وتوشیەتی"ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە گەلانی مقاوەمە لەژێر هەژمونی دۆلار ڕزگار بکرێن؟ دۆلار قامچیی ئەمریکایە کە بەو قامچییە لە نەتەوە و گەلانی ئازاد دەدات، ئەو كەڵبەیەیە کە پێی خوێنی گەلانی لاواز دەمژێت. بەبوێرییەوە ئەم قسانەم بۆ گەلانی ئازایە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆی هاوكاریكردنی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، كۆمپانیای فڵای بەغدادو بەڕێوەبەرە جێبەجێكارەكەی و هەروەها سێ سەركردەی كەتیبەكانی حزبوڵایان لە عێراق خستونەتە نێو لیستی سزاكانیانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×