هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دواخرا
  2024-01-27       263       

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دەنگی دا لەسەر دواخستنی بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.

ئاوێنە: فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، پەرلەمان لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دەنگی دا لەسەر دواخستنی بڕگەی یەكەمی كارنامەی دانیشتنەكە كە تایبەت بو بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان دواخراوە تا ئەو كاتەی كە سكاڵاكان لەبارەی دانیشتنی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان لە دادگای فیدراڵی یەكلایی دەبنەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆیدا پەرلەمان دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای قەرەبوكردنەوەی نەخۆشانی ئایدز داوەو هەروەها دەنگدانی لەسەر پڕۆژە یاسای بە كرێدانی زەوییە كشتوكاڵییەكان دواخستوە.

هەر لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا، بەپێی راگەیەندراوەكە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی كردوە بۆ پڕۆژە یاسای رێككەوتنی خزمەتگوزاری گواستنەوەی ئاسمانی لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی سوریا و هەروەها پڕۆژە یاسای راستاندنی رێككەوتنی بەخشینی دولایەنەی داواكاریی ڤیزا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی كۆریای باشور.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×