وتەبێژی حكومەتی عێراق: ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەماوەی ئەم خولەی حكومەتدا كۆتایی دێت
  2024-01-28       503       

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لەگەڵ یەكەم كۆبونەوەی لیژنەی باڵای سەربازیدا بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی بەڕەسمی دەستیپێكردوە. دەشڵێت، سودانی بەڵێنی داوە كە لەماوەی ئەم خولەی حكومەتەكەیدا، ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كۆتایی دێت و ئەو بەڵێنەش جێبەجێدەكرێت.

ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ئاژانسی رەسمی عێراقی وتوە، ناكرێت تا سەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بمێنێتەوە.

وتوشیەتی، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی لە كۆڕبەندی داڤۆس ئاماژەی بەوە دو پرسی گرندان كاتێك وتی، كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پێویستە بۆ سەقامگیری عێراق و پێویستیشە بۆ بونیادنانی پەیوەندییەكی دۆستانەی ئەرێنی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان.

باسم عەوادی وتوشیەتی، كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یەكێكە لە خاڵەكانی بەرنامەی حكومەت و پێشتریش حكومەت لەوبارەیەوە بەڵێنی داوە.

هەروەها وتیشی، دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حكومەتی عێراق بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، دەستپێكی كۆتاییهێنانە بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، "سەرۆك وەزیران بەڵێنی داوە كە لەماوەی ئەم خولەی حكومەتەكەیدا، ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆتایی پێ دێت، ئەمەش ئەو شتەیە كە جێبەجێ دەكرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×