ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق یەکلاکردنەوەی سکاڵاکانی تایبەت بەھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ رۆژانی 27 و 28ی مانگی داھاتو دواخست.
ئاوێنه: ئەمڕۆ دوشهممه، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق كۆبوهوهو تێیدا بڕیاردانی لەسەر ئەو تانەو داوا یاساییانەی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەبون بۆ رۆژی 27 و28ی مانگی داهاتو دواخست.
13ی ئهم مانگه، دانیشتنێکی تایبەتی پهرلهمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدراو سالم عیساوی کاندیدی هاوپەیمانی سەروەری و شەعلان کەریمی کاندیدی حزبی تەقەدوم زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەسهێناو دەنگدان خرایە گەڕی دوەمەوە.
بەڵام بەهۆی ناکۆکی سیاسی دەرەوەی پەرلەمان دانیشتنەکە هەڵگیراو سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵنەبژێرا، هاوکات شەعلان کەریم کاندیدی حزبی تەقەدوم لەدادگای فیدڕاڵی سکاڵای لەسەر تۆمارکرا بەتۆمەتی "پشتیوانیکردن لەحیزبی بەعش"، هەروەها موحسین مەندەلاویش سکاڵای لەسەر تۆمارکرا، لەسەر ئەوەی "پێشێلکاریی لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کردوە".
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بهمیدیا عێراقییهكانی رایگەیاندووه، دوو سیناریۆ بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەن ھەیە کە یەکێکیان بریتییە لە ھەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکەی 13ی ئەم مانگە بۆ دەنگدان لەسەر جێگرەوەی حەلبوسی، بۆئەوەی دەرگا بۆ کاندیدی نوێ بکرێتەوە و جارێکی دیکە دەنگیان لەسەر بدرێتەوە.
سیناریۆی دووەمیش، ئەوەیە دادگای فیدراڵی ئەو دانیشتنە بەیاسایی دابنێتو دوای ئەوەش دانیشتنێکی دیکە بەڕێوەبچێت بۆ ئەو دوو کاندیدەی لە قۆناغی یەکەمی دەنگداندا سەرکەوتنیان بەدەستھێنا، کە بریتین لەشەعلان کەریم بە ١٥٢ دەنگ و سالم عیساوی بە ٩٧ دەنگ بۆئەوەی یەکێکیان ببێتە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە.