ویكیلیكس: كۆسره‌ت ره‌سوڵ ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و قازانجه‌ مادییه‌ بێت كه‌ خۆی‌‌و خێزانه‌كه‌ی‌ له‌یه‌كێتی‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت
  2019-01-21       4659       

   ئا: هاوكار حسێن


هه‌ڵسوڕاوێكی‌ بالای‌ گۆڕان باس له‌وه‌ ده‌كات له‌رابردودا كۆسره‌ت ره‌سوڵ پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ له‌جه‌لال تاڵه‌بانی‌ وه‌رگرتوه‌و هه‌ر ئه‌م سودمه‌ندبونه‌ ماددیه‌ رێگه‌نادات ناوبراو ده‌ستبه‌رداری‌ یه‌كێتی‌ ببێت، به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنیش، دوای‌ جیابونه‌وه‌ی‌ باڵه‌كه‌ی‌ ریفۆرم له‌یه‌كێتی‌، باڵه‌كه‌ی‌ كۆسره‌ت ویستویه‌تی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ له‌پلنیۆمه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 2009-دا پڕبكرێته‌وه‌، به‌ڵام تاڵه‌بانی‌ پێی‌ باش نه‌بوه‌.
 
به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ كه‌ له‌لایه‌ن پێگه‌ی‌ ره‌سمی‌ ویكلیكسه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌توه‌، تێیدا له‌زاری‌ شۆڕش حاجی‌، هه‌ڵسوڕاوی‌ باڵای‌ گۆڕانه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردوه‌ كه‌، "له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردودا كۆسره‌ت ره‌سوڵ پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ له‌تاڵه‌بانی‌ وه‌رگرتوه‌، بۆیه‌ ئه‌و ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و سوده‌ مادییه‌ بێت كه‌ خۆی‌‌و خێزانه‌كه‌ی‌ ده‌ستیده‌كه‌وێت له‌رێگه‌ی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ پلنیۆمی‌ خۆی‌ له‌رۆژانی‌ 29-31ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2009، ئه‌نجامدا به‌ئامانجی‌ بوژاندنه‌وه‌ی‌ حزب‌و به‌هێزكردنی‌ یه‌كڕیزی‌ حزب له‌پێش هاتنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ نیشتمانی‌. له‌و پلنیۆمه‌دا، "باڵه‌كه‌ی‌ كۆسره‌ت ویستویه‌تی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ پڕبكرێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ وازهێنانی‌ ئه‌ندامانی‌ باڵی‌ ریفۆرم دروستبو، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ پێی‌ باشبوه‌ چاوه‌ڕوانبكرێت". 
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌و وتانه‌ كراوه‌ كه‌ تاڵه‌بانی‌ له‌ناو پلنیۆمه‌كه‌دا ئاراسته‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ كردبوو تێیدا هاتوه‌، "تاڵه‌بانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فای‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباركردوه‌ كه‌ 10 ملیۆن دۆلاری‌ لێوه‌رگرتوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ دامه‌زراندنی‌ ناوه‌ندێكی‌ كلتوری‌، به‌ڵام دواتر كه‌وتۆته‌ ته‌قه‌كردن له‌یه‌كێتی‌".
هه‌روه‌ها له‌زاری‌ هه‌ڵو ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، كه‌ كاندیدی‌ سه‌ربه‌خۆ بو بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌ساڵی‌ 2009‌و دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یه‌كێتی‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ "هه‌ڵۆ ده‌ستپێشخه‌ری‌ كردوه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ده‌نگده‌ره‌ زیزبوه‌كان بۆ ژێر باڵی‌ یه‌كێتی‌. هه‌ڵو وتی‌، تاڵه‌بانی‌ سه‌رپشكی كردوه‌ بۆ هاندانی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ ده‌خوازن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو یه‌كێتی‌. یه‌كێتیش سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ خستوه‌ته‌ به‌رده‌ستی‌، به‌مه‌به‌ستی‌ پێدانی‌ یارمه‌تی‌ دارایی‌ به‌وانه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو یه‌كێتی‌‌و هه‌لی‌ دامه‌زراندنیان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت".
له‌كۆتایی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا باسی‌ له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "ئه‌گه‌رچی‌ له‌ئێستادا ململانێكانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ناو یه‌كێتیدا خاوبوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ژێره‌وه‌ ده‌كوڵێت. تاڵه‌بانی‌ ماڵی‌ یه‌كێتی‌ خستوه‌ته‌وه‌ سه‌ر باری‌ راستی‌ خۆی‌ له‌ئێستادا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ره‌نگه‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردن فرتوفێڵی‌ زۆرتر هه‌بن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ناو یه‌كێتیدا، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌به‌رده‌م به‌ستنی‌ كۆنگره‌دایه‌". 

 


ئای‌ دی‌: 09BAGHDAD3054
بابه‌ت: پلنیۆمی‌ یه‌كێتی‌، هه‌وڵی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ناڕازیه‌كان ده‌دات‌و هێرشده‌كاته‌ سه‌ر نه‌وشیروان
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ به‌غداد
به‌روار: 20ی‌ تشرینی‌ دوه‌می‌ 2009
پۆلێن: زۆر نهێنی‌


پوخته‌: 

یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌دوای‌ ساڵی‌ 2006-ه‌وه‌ یه‌كه‌مین پلنیۆمی‌ خۆی‌ له‌رۆژانی‌ 29-31ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2009، ئه‌نجامدا به‌ئامانجی‌ بوژاندنه‌وه‌ی‌ حزب‌و به‌هێزكردنی‌ یه‌كڕیزی‌ حزب له‌پێش هاتنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ نیشتمانی‌. یه‌كێتی‌ بڕیاریداوه‌ چاوه‌ڕوانبكات تا كۆنگره‌ی‌ به‌هاری‌ 2010، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی‌ پڕبكاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ وازهێنانی‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی‌ باڵای‌ یه‌كێتیه‌وه‌ دروستبوه‌و ئه‌وان دواتر بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان دروستكرد. دروستبونی‌ دو باڵی‌ نوێ‌ له‌ناو یه‌كێتیدا هه‌لی‌ چاكسازیی‌ له‌بارده‌كات‌و ده‌رفه‌ته‌كانیش بۆ گه‌نده‌ڵی‌ كه‌مترده‌كاته‌وه‌. هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، برای‌ هێرۆ ئیبراهیمی‌ خانمی‌ یه‌كه‌می‌ عێراق وتی‌، پلنیۆمه‌كه‌ بێوێنه‌ بوه‌ له‌و روه‌وه‌ كه‌ هه‌لی‌ بۆ ئه‌ندامانی‌ ره‌خساندوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ به‌ئاشكرا ره‌خنه‌ له‌سه‌ركردایه‌تی‌ بگرن. تۆمه‌ته‌ تونده‌كان له‌دژی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌ناوو ناوبانگی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ دا، كاردانه‌وه‌ تایبه‌تیه‌كانی‌ گۆڕان زۆر توندبو. 


پلنیۆم گۆڕانكاری‌ به‌دوای‌ خۆیدا دێنێت:
یه‌كێتی‌ رۆژی‌ 31ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2009، پلنیۆمه‌ سێ‌ رۆژییه‌كه‌ی‌ خۆی‌ كۆتایی پێهێنا، كه‌ له‌دوای‌ 2006 ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ له‌و شێوه‌یه‌ بوو وه‌ك هه‌نگاوی‌ به‌رایی‌ وه‌سفكرا بۆ كۆنگره‌یه‌كی‌ فراوانی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ بڕیاردراوه‌ مانگی‌ نیسان یاخود مایسی‌ 2010 سازبكرێت. یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی‌ ساڵی‌ 2001 به‌سترا‌و ته‌نها دوه‌مین كۆنگره‌ی‌ ئه‌و حزبه‌ بو له‌دوای‌ دامه‌زراندنیه‌وه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردو. هه‌روه‌كو له‌لایه‌ن كۆسره‌ت ره‌سوڵی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و جێگری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ وه‌سفكرا، كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی‌ نه‌خشه‌ڕێژی ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ 35 كه‌س بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كه‌ 11 ئه‌ندامیان دیاریده‌كرێن بۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی. ده‌نگدانێكی‌ جیا ده‌كرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌. ره‌سوڵ وتی‌ 1500 كه‌س ئاماده‌ی‌ پلنیۆمه‌كه‌ بون، له‌وانه‌ 130 كه‌س له‌كوردانی‌ تاراوگه‌. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ زیاتر له‌یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ مه‌كته‌ب سیاسی ده‌شێت له‌پلنیۆمدا بگۆڕدرێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ هیچ له‌و بۆشاییه‌ی‌ به‌هۆی‌ رۆیشتنی‌ چوار ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ بۆ ناو گۆڕان دروستبو، پڕنه‌كرایه‌وه‌، چونكه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بڕیاریدا پڕكردنه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ ئه‌وانه‌ دوابخرێت بۆ كۆنگره‌ی‌ به‌هاری‌ داهاتو. چه‌ند راپۆرتێكی‌ میدیایی‌ ئاماژه‌یان بۆئه‌وه‌ كرد كه‌ باڵه‌كه‌ی‌ كۆسره‌ت ویستویه‌تی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ پڕبكرێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ پێی‌ باشبوه‌ چاوه‌ڕوانبكرێت. ره‌سوڵ بێده‌نگبو له‌باره‌ی‌ هه‌ر شتێك له‌نێوان خۆی‌‌و تاڵه‌بانیدا. 
كۆسره‌ت ره‌سوڵ باسی‌ له‌دو گۆڕانكاریی‌ كرد كه‌ له‌ناو پلنیۆمدا بڕیاری‌ لێدراوه‌: یه‌كه‌م، پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ نه‌زاهه‌ كه‌ لانیكه‌م له‌حه‌وت ئه‌ندامی‌ یه‌كێتی‌ پێكهاتبن‌و هه‌مویان دادوه‌ر بن. دوه‌م، پێكهێنانی‌ ئه‌نجومه‌نێكی‌ 80 كه‌سی‌ بۆ راوێژكردن له‌سه‌ر سیاسیه‌تی‌ ناوخۆیی‌ یه‌كێتی‌. ره‌سوڵ وتی‌ لیژنه‌كه‌ی‌ نه‌زاهه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌یان ده‌بێت له‌مۆڵكی‌ تایبه‌تی‌‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ داهاتی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بپرسێته‌وه‌، سه‌ره‌تاش له‌سه‌رۆك تاڵه‌بانیه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد یه‌كێتی‌ پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ سود له‌شاره‌زایی‌ ته‌كنیكی‌‌و پرۆفێشناڵی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ وه‌ربگرێت، لێره‌شه‌وه‌ ده‌سه‌ته‌یه‌كی‌ راوێژكاری‌ بۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ پێكهێناوه‌. ره‌سوڵ وتی، هانده‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ی‌ ناو یه‌كێتی‌، درككردنه‌ به‌خواستی‌ شه‌قامی‌ كوردی‌ كه‌ ده‌یه‌وێت چاكسازیی‌ ببینێت. هه‌روه‌ها ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر چاكسازیی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌سه‌رهه‌ڵدانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ نیه‌.  ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ یه‌كڕیزی‌ گرنگترین بابه‌تی‌ ناو پلنیۆم بو هه‌روه‌ك چۆن ته‌واوی‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ داوایانلێكرا په‌یمانی‌ شه‌ره‌ف واژۆبكه‌ن له‌پێناو پاراستنی‌ یه‌كڕیزی‌ یه‌كێتی‌. 

راكێشانه‌وه‌ی‌ ده‌نگده‌رانی‌ یه‌كێتی‌ له‌ناو گۆڕان
كۆسره‌ت ره‌سوڵ رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كان بۆ دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان بۆ خه‌ڵكی‌، خواستێكی‌ گه‌وره‌ش هه‌بو بۆ راكێشانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتیان جێهێشتوه‌و چونه‌ته‌ ناو گۆڕانه‌وه‌. هه‌ڵو ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، كه‌ كاندیدی‌ سه‌ربه‌خۆ بو بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ناو یه‌كێتی‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ری‌ كردوه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ده‌نگده‌ره‌ زیزبوه‌كان بۆ ژێر باڵی‌ یه‌كێتی‌. هه‌ڵو وتی‌، تاڵه‌بانی‌ سه‌رپشكی كردوه‌ بۆ هاندانی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ ده‌خوازن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو یه‌كێتی‌. ئه‌و باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ یه‌كێتی‌، نزیكه‌ی‌ 2 هه‌زار لایه‌نگری‌ گۆڕان پێشتر داوایانكردوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتی‌. هه‌ڵۆ رونیكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ خستوه‌ته‌ به‌رده‌ستی‌، به‌مه‌به‌ستی‌ پێدانی‌ یارمه‌تی‌ دارایی‌ به‌وانه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو یه‌كێتی‌‌و هه‌لی‌ دامه‌زراندنیان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت. ئه‌و وتیشی‌، جیابونه‌وه‌ی‌ ده‌نگده‌ران له‌ناو پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش هه‌یه‌ كه‌ گرفتیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ قبوڵبكرێن له‌كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو ئه‌و حزبه‌، بۆیه‌ هه‌ڵۆ په‌یوه‌ندی‌ به‌وانیشه‌وه‌ كردوه‌. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ پارتی‌ چاوپۆشی‌ له‌و ئه‌ندامانه‌ی‌ خۆی‌ ده‌كات كه‌ وازده‌هێنن‌و ده‌چنه‌ پاڵ یه‌كێتی‌، چونكه‌ دواجار هه‌ر پشتیوانی‌ له‌هاوپه‌یمانێتی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ده‌كه‌ن. 
هه‌ڵۆ ئه‌حمه‌د باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ به‌رپرسان‌و ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتی‌ هیچ كات وه‌كو ناو پلنیۆمه‌كه‌ ئازاد نه‌بون له‌ره‌خنه‌گرتن له‌حزبه‌كه‌یان. له‌نێو ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ره‌خنه‌ی‌ گرت حاكم قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ بو. ئه‌ندامێكی‌ دیكه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ ناڕه‌زایی‌ نیشاندا له‌قبوڵكردنی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ناو گۆڕانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتی‌و پێدانی‌ پاره‌ پێیان. ئه‌حمه‌د رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك تاڵه‌بانی‌ داوای لێكرا بۆئه‌وه‌ی‌ گوێ‌ له‌ناڕه‌زایه‌تیه‌كان بگرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ ره‌خنه‌كان ئاراسته‌ی‌ سه‌رانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ ده‌كران‌و ئه‌ندامانیش ده‌یانزانی‌ كه‌ تاڵه‌بانی‌ له‌بغداد سه‌رقاڵه‌. ئه‌و باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرا تاڵه‌بانی‌ گوژمێكی‌ نوێ بداته‌وه‌ به‌ر یه‌كێتی‌‌و به‌هێزه‌وه‌ له‌پلنیۆمدا بێته‌ده‌ره‌وه‌. تاڵه‌بانی‌ هه‌ستی به‌و پاشاگه‌ردانیه‌ی‌ یه‌كێتی‌ كردبوو ئێستاش زیاتر له‌خۆی‌ راده‌بینێت كه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ تاڵه‌بانی‌ ئێستا هه‌ست به‌خۆشحاڵیه‌كی‌ زیاتر ده‌كات كه‌ بۆ خولێكی‌ دیكه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ عێراق هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌. 


مام جه‌لال به‌سه‌ر نه‌وشیرواندا ده‌ته‌قێته‌وه‌
راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ره‌تای‌ وتاره‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ بۆ ئه‌ندامانی‌ پلنیۆم تایبه‌ت بوه‌ به‌ئاراسته‌كردنی‌ تۆمه‌تی‌ توند له‌دژی‌ نه‌وشیروان مسته‌فای‌ سه‌رۆكی‌ گۆڕان. تاڵه‌بانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فای‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردوه‌ كه‌ له‌ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا، فه‌رمانی‌ كوشتنی‌ چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی‌ ده‌ركردوه‌. ئه‌و بۆ ئه‌ندامانی‌ به‌یانكردوه‌ كه‌ نه‌وشیروان یه‌كێك بوه‌ له‌وانه‌ی‌ فه‌رمانی‌ به‌هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ داوه‌ بۆ هاریكاریكردن له‌گه‌ڵ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران به‌مه‌به‌ستی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر سوپای‌ عێراق له‌هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌دام چه‌كی‌ كیمیایی‌ به‌كاربهێنێت. هه‌روه‌ها تاڵه‌بانی‌ مسته‌فای‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباركردوه‌ كه‌ 10 ملیۆن دۆلاری‌ لێوه‌رگرتوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ دامه‌زراندنی‌ ناوه‌ندێكی‌ كلتوری‌، به‌ڵام دواتر "كه‌وتۆته‌ ته‌قه‌كردن له‌یه‌كێتی‌". تاڵه‌بانی‌ گۆڕانی‌ به‌دژایه‌تیكردنی‌ فیدراڵیزم تۆمه‌تباركردوه‌، به‌وه‌ش كه‌ نایه‌وێت كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌روه‌ك به‌دژایه‌تیكردنی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌گه‌ش تۆمه‌تباری‌ كردوه‌. 
شۆڕش حاجی‌ كه‌ له‌هه‌شتاكانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا هاوڕێ بوه‌، تۆمه‌ته‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت، بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و چالاكیانه‌ی‌ كه‌ پێویست بو جێبه‌جێبكرێن، له‌سه‌ره‌وه‌ یه‌كلاده‌كرانه‌وه‌، به‌ڵام ئایا تاڵه‌بانی‌ له‌و كاتانه‌دا به‌ڕاستی‌ له‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بوه‌؟ 
حاجی‌ رونیكرده‌وه‌ كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و لایه‌نگرانی‌ ده‌توانن له‌ناو یه‌كێتیدا باڵانسی‌ هێز بگۆڕن، به‌ڵام تاڵه‌بانی‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ توانیویه‌تی‌ رێگر بێت له‌وه‌. (تێبینی‌: حاجی‌ ده‌ڵێت، ماوه‌ی‌ ساڵانێكه‌ نزیكبوه‌ له‌كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌‌و هێشتا ناوبه‌ناو قسه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌كه‌ن. باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ له‌كاتی‌ پلنیۆمه‌كه‌دا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌كراوه‌و وتویانه‌ هه‌ندێك له‌و لێدوانانه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیان پێخۆش نه‌بوه‌، به‌تایبه‌تی‌ وته‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌).
حاجی‌ وتی‌، نزیكه‌ی‌ نیوه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ پلنیۆم له‌پشت كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌ بون‌و لایه‌نگری‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌ شوێنه‌ بۆشه‌كانی‌ ناو سه‌ركردایه‌تی‌ بون، ره‌سوڵ سه‌ركه‌تو ده‌بو له‌هه‌وڵی‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیدا، ئه‌و له‌به‌هێزترین پێگه‌ی خۆیدا بو. حاجی‌ وتیشی‌، تاڵه‌بانی‌ له‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ بێزاربوه‌، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پێویستی‌ به‌خۆی‌‌و ئه‌ندامه‌كانیه‌تی‌. دوای‌ هه‌ڵبژاردنیش، ره‌نگه‌ جموجوڵ هه‌بێت له‌ناو یه‌كێتیدا بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ كۆسره‌ت. " له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردودا كۆسره‌ت ره‌سوڵ پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ له‌تاڵه‌بانی‌ وه‌رگرتوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من وه‌ك هاوڕێیه‌ك له‌كۆسره‌ت ده‌ڕوانم، ئه‌و ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و سوده‌ مادییه‌ بێت كه‌ خۆی‌‌و خێزانه‌كه‌ی‌ ده‌ستیده‌كه‌وێت له‌رێگه‌ی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌"، حاجی‌ وتی‌. 


پوخته‌:
ئه‌گه‌رچی‌ له‌ئێستادا ململانێكانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ناو یه‌كێتیدا خاوبوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ژێره‌وه‌ ده‌كوڵێت. تاڵه‌بانی‌ ماڵی‌ یه‌كێتی‌ خستوه‌ته‌وه‌ سه‌ر باری‌ راستی‌ خۆی‌ له‌ئێستادا، هه‌روه‌ها سه‌رنجی‌ ئه‌ندامانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ خستوه‌ته‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ نیشتمانی‌ داهاتو (2010). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ره‌نگه‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردن فرتوفێڵی‌ زۆرتر هه‌بن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ناو یه‌كێتیدا، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌به‌رده‌م به‌ستنی‌ كۆنگره‌دایه‌ له‌به‌هاردا. ئه‌گه‌ر گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنی‌ نیشتمانیدا به‌به‌هێزی‌ ده‌ربكه‌وێت، ئه‌وا دورنیه‌ فشاری‌ پاشه‌كشێیه‌كی‌ دیكه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌مجاره‌ توندتر به‌رۆكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بگرێت. ئه‌م سیناریۆیه‌ پاساوی‌ ئه‌وه‌ ده‌داته‌ ده‌ست تاڵه‌بانی‌ بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌وڵی‌ كه‌نارخستنی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ بدات، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ باڵاده‌ستی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر یه‌كێتیدا به‌هێزده‌كات. تۆمه‌ته‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌دژی‌ یه‌كێتی‌ ره‌نگه‌ تاڕاده‌یه‌ك ده‌نگبداته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ خه‌ڵك شایه‌تحاڵی‌ روداوه‌كانی‌ ساڵانی‌ 1980 بون كه‌ هێشتا چالاكن‌و تێده‌گه‌ن له‌وه‌ی‌ كه‌ ره‌نگه‌ تاڵه‌بانی‌ مێژوی‌ كوردو یه‌كێتی‌ تێكه‌ڵ كردبێت بۆ گونجاندنی‌ له‌گه‌ڵ مه‌به‌سته‌ سیاسیه‌كانی‌ خۆی‌. پێده‌چێت تاڵه‌بانی‌ له‌و تۆمه‌تباركردنانه‌ هێنده‌ سودمه‌ندنه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌شێت له‌سه‌ره‌تادا هیوای‌ له‌سه‌ر هه‌ڵچنی بێت. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×