فائیق زێدان: دامەزراندنی هەرێمی دیکە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی عێراق دروست دەکات
  2024-02-18       404       

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری باڵای عێراق بە پارێزگاری ئەنباری رایگەیاند، لۆژیکی هەرێمی کوردستان و نەتەوەکەی لە پێش نوسینەوەی دەستوری عێراق لە ساڵی 2005 بونی هەبوە و هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی جیاوازدایە، بەڵام دامەزراندنی هەرێمی دیکە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی عێراق دروست دەکات و بە تەواوتی ئەو بیرۆکەیە رەتدەکەنەوە. 

ئەنجومەنی داداوەری باڵای عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە فائیق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری باڵا لەگەڵ محەمەد نوری کەربولی پارێزگاری ئەنبار و عومەر میشعان دەبوس سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار کۆبویەوە و گفتوگۆیان لەبارەی هەماهەنگییەکانی داهاتو و کارگێری پارێزگاکان کرا.

پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئامادەیی خۆیان دەربری بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری لە زۆربەی بوارەکان، هەروەها دڵنیاییان دا لە پاراستنی یەکێتی عێراق و رەتکردنەوەی ئەو بیرۆکانەی دەست بۆ یەکپارچەیی عێراق دەبات.

لە بەرامبەردا فائیق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری باڵای عێراق رایگەیاند،  لۆژیکی جوگرافی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستان پێش نوسینەوەی دەستوری عێراق لە ساڵی 2005 بونی هەبوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەتی هەیە و لەلایەن هەمو خەڵکی عێرقەوە دانی پێدانراوە، دەستوری عێراقی بڕگەی تایبەت بە رێکخستنەوەی هەرێمەکانی تێدایە، بەڵام بارودۆخی سەردەمی نوسینەوەی ئەو بڕگانە گۆڕاوە و زۆرینەش ئێستا داوای گۆڕینی دەکەن.

بیرۆکەی دامەزراندنی هەرێمی دیکە لە عێراق رەتکراوەیە
فائیق زێدان باسی لەوەشکرد، بیرۆکەی دامەزراندنی هەرێمی دیکە لە عێراق رەتکراوەیە، چونکە هەڕەشە لە یەکپارچەیی عێراق و ئاسایشەکەی دروست دەکات، پشتیوانی لە کارگێری ئەو پارێزگایە دەکەن کە دژی ئەو بیرۆکانە دەوەستێتەوە کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی و سەلامەتی و ئاسایشی عێراق دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×