دکتۆر عەبە شەیتان!
  2024-03-29       476       

عەبە شەیتان کە گەیشتە ماڵەوە ئەمەندە ھیلاک بوو وا ھەستی کرد کە دوو ڕۆژ بەڕێگاوەیە. بەنەشمیلی خوشکی وت کە نەخۆشە پێویستی بەنوستن ھەیە، چووە ژوورەکەی خۆی بەچاکەت‌و پانتۆڵەوە لێی راکشا‌و لێفەیەکی دا بەخۆیدا زۆری سەرما بوو، خەو نەچووە چاوی سەری لەژێر لێفەکەوە ھێنایە دەرێ‌و کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ خۆی: "ئاخر کەرباب کەی تۆ دوکتۆری؟ لەخۆتەوە بۆ دەرمان ئەدەی بەنەخۆش، زەلامێکت کوشتبێ لەسێدارەت ئەدەن‌و دەستیان خۆش بێت".
"وانیە، مەسەلەکە کوشتن بوایە ھەر لەنەخۆشخانە ئەیانگرتم نەیان ئەخستە بەیانی سەعات دوانزە".
"ھەی کەرباب بۆچی چاکوچۆنی لەگەڵ شیوعی ئەکەی؟ بۆ لەگەڵ پارتیەکاندا بەکوردی پەتی قسە ئەکەی؟ بۆ لەجیاتی رۆژ باش ناڵێیت سەلام‌و عەلێکم؟".
"مەسەلەکە سیاسەت بوایە بەشەو ئەھاتن ماڵەکەمیان ئەپشکنی‌و ئەیانگرتم نەیان ئەخستە بەیانی سەعات دوانزە".
"مەسەلەکە لەسەدا سەد دڵداری نیە کێ بێزی دێ سەیری سەروچاوی من بکات".
"نەخێر سەھوو کراوە، خەبەر لەیەکێکی کە دراوە لەمن ئەچێ".
"کێ ھەیە لەدنیادا لەمن بچێ؟ کەس".
 عەبە لێفەکەی لەسەر خۆی لادا ئەمجارە زۆری گەرما بوو.
 عەبە ھەمووی سێ کتێبی ھەبوو، ھەستا بەخەتێکی ئەستوور لەیەکەمی نوسی: "بژی مەلیک فەیسەڵ گەورەی کوردو عەرەب". لەدووھەمی نوسی: "بژی برایەتی کوردو ئینگلیز". لەسێھەمی نوسی "بژی قورعان‌و دینی ئیسلام".
 نەشمیل خان نانی نیوەڕۆی ھێنا بۆ برای خۆشەویستی، عەبە زۆری لەخۆی کرد دوو شفتەی بێ نان خوارد.
عەبە ھەستی کرد زۆر سەرمایەتی، لێفەکەی دایەوە بەخۆیدا.
لای عەسر دوکتۆر لەماڵ ھاتە دەرێ بەنیازی ئەوەی بچێ بوتڵێ عەرەق بکڕێ‌و شەوێ بیخواتەوە تا باش سەرخۆش بێت‌و خەوی لـێبکەوێ.
عەبە بەرەو دەرکی سەرا کشا، لەگەڵ بینینی ھەر پۆلیسێکدا دڵی دائەخورپا، ئەمڕۆ پۆلیسەکانی زۆر زل ئەھاتە بەرچاو، یەکی بەقەد دێوێک ئەبوون، خۆی لەبەر دەمیاندا بەمێرولە ئەزانی، لەخۆیەوە سەلامی لەپۆلیسێک کرد وەڵامی نەدایەوە.
"بە ناموسم شتێکی بیستوە وا وەڵامی سەلامی خوا ناداتەوە".
ھات بەخەیاڵیا بچێ بۆ سەرا بۆ بینینی مفەوەز شەوکەت، رێگایان نەدا گوایە دەوام تەواو بووە.
 عەبە ھەستی کرد ھێزی ئەژنۆی نەماوە، لەمە زیاتر ناتوانێ بەپێوە راوەستێ، بەرامبەری دەرگای حەوشی سەرا چایخانەیەک بوو، دوکتۆر بۆ یەکەمجار لەژیانیا خۆی کرد بەم چایخانەیەدا. دوو چای لەسەر یەک خواردەوە چاوی بڕیە دەرگای سەراو لەبەر خۆیەوە وتی: "ھەزار ساڵ لەمەوبەر دنیا چەند خۆش بوو، نەسەرا ھەبوو، نەحکومەت، نەشیوعی، نەپارتی، نەدەرمان، نەدڵداری".
 لەبەختی دوکتۆر زەلامێکی دوورە ناسیاو خۆی کرد بەچایخانەکەدا، چاوی گێڕا‌و دوکتۆر شەیتانی بەدیکرد، بێ پرس کشاو بەرامبەری عەبە دانیشت.
 ئەم نمونەیە "ئەلە چوار چاو"ی فەڕاشی مەحکەمە بوو، کابرایەکی تا بڵێی چەوت‌و سەربەگۆبەند بوو. عەبە ھەستاو ویستی بڕوا، ئەلە بەقەبری ژنی سێھەمی سوێندی خوارد کە ناھێڵێ عەبە بڕوات تا دوو یاری تاوڵە نەکەن.
­-    کاک عەلی ببورە من تاوڵە نازانم.
-   ئەزنیف ئەکەین.
- نە دۆمینە نە ئەزنیفیش نازانم.
­- عەبە درۆ مەکە، دوکتۆرێکی زل‌و زەلامی وەکو تۆ چۆن تاوڵەو ئەزنیف نازانێ؟ بڵێ تاقەتم نیە‌و بڕایەوە، کەوای لێھات با دوو قسەی حیز بکەین، ئەمڕۆ زۆر پەستم.
­- چی رویداوە؟
­- پۆلیس شەڕ بەم عالەمە ئەفرۆشێ، رۆژ نیە لەسەر ھیچ دەکەس حوکم نەدرێ، مناڵێ کەڵشێرێکی دزیوە بایی نیو دینارە، پەنجا دینار جەزا لەباوکی ئەسێنن، حوشترێکی بدزیایە ئیعدامیان ئەکرد، عەبە تۆ ئەم حکومەتە گەوادەت بەدڵە؟
-­   بەڵێ، زۆریش، دزی دزییە، کەڵەشێرێ بدزی یان شەمەندەفەرێ، لای قانون یەکە.
 لەپڕ ھات بەخەیاڵی عەبەدا، کە ھەل لەمە باشتر نابێ، ئەتوانێ دەنگ‌و باسێکی تەواو لەبابەت سەراو شەوکەتی مفەوەزەوە لەئەلە چوار چاو وەربگرێ.
­    - ئەرێ کاک عەلی چی روویداوە ئەمڕۆ ئەم ناوە پڕە لەپۆلیس؟
­    - کوا؟ من پۆلیس نابینم.
­    - پێش ئەوەی تۆ بێیت بۆ ئێرە، ھەر پۆلیس بوو بەڕاکردن خۆی ئەکرد بەحەوشی سەرادا.
­    - سەیرە من لەسەراوە ھاتم بۆ ئێرە پۆلیسم نەدی رابکات.
­   -  من پۆلیسی سیخوڕ ئەڵێم، فەتە سیخوڕم دی وەک تیر خۆی کرد بەدەرگا بچکۆلەکەی سەرادا، سەلامم لێکرد وەڵامی نەدامەوە.
­    - دیارە ئەیانەوێ یەکێ بگرن‌و بۆیان ناگیرێ، لەفەرزێکدا گرتیان ئەگەر دەوڵەمەند بێت بەپارە رزگاری ئەبێت، ئەگەر لات بێت ھەموو یاسای عێراقی لەسەرا ئەشکێنن‌و بۆ باوکی عاقڵ ئەکەن.
عەبە ئەم وتەیەی ئەلە چوار چاوی بەھەزار دینار ئەکڕی. "تەواو خانوەکەم ئەفرۆشم، خانووم بۆچیە بەپارە رزگارم ئەبێت".
­    - کاک عەلی زەلامێ بکوژی بەچەند دینار لەسەرا نەجاتت ئەبێ؟
ئەلە چوار چاو ھەستی کرد عەبە نھێنییەکی لەژێر سەرایە وا ئەم پرسیارە ئەکات.
­    - ئەوە کەوتۆتە سەر پایەی ئەو زەلامەی کە تۆ ئەیکوژی، لەبنەماڵەی شێخان یان لەبەگزادەی جاف بکوژی بەملیۆنێک رزگارت نابێ، من بکوژی بەسەد دینار نەجاتت ئەبێ.
­    - باشە ئەو پارەیە ئەدەی بەکێ؟ لەفەرزێکدا من پیاوێکم کوشت، ئەو پارەیە بدەم بەکێ؟ خۆ نایدەم بەحاکم یان مدیری پۆلیس؟
-     ئەگەر یەکێکت کوشت، یەکەم کەس کێ تەحقیقی لەگەڵ کردی، لەگەڵ ئەودا رێک بکەوە، ئەو خۆی ئەزانێ بەچ رێگایەکدا ئەتبات.
عەبە ھەناسەیەکی ساردی ھەڵکێشا، "ئەبێ لەگەڵ مفەوەز شەوکەتدا رێک بکەوم".
­    - مفەوەز ھەیە بەرتیل نەخوات؟
    - ئەی چۆن نیە، مفەوەز وەلیخان، موسوڵمانێکی پاکە، لەبرسا بمرێ فلسێکی حەرام ناچێ بەگیرفانیا.
­    - کاک عەلی لەفەرزێکدا تۆ مفەوەزێکی‌و من پیاوکوژێکم چۆن بیەم بەگوێتا کە ئامادەم بەرتیل بدەم؟
    - بەرتیل دان وەکو ئافرەت تاوکردن وایە، ئەوە کەوتۆتە سەر بلیمەتی خۆت.
­    - ئەوەی لەدنیادا لێی نەزانم ژن تاوکردنە.
­    - ئەی ھەتیو تاوکردن؟
­    - لەسایەی خواوە تا ئەمڕۆ ھەتیوم تاو نەکردوەو تاویش نەکراوم.
­    - دوکتۆر تۆ کابرایەکی زۆر داناو ئاقڵی، نیازت ھەیە زەلامێ بکوژی‌و پێش کوشتنی لەگەڵ پۆلیسخانەدا رێک بکەوی، من ئەتوانم یارمەتیت بدەم، ھەموو پۆلیسخانە ئەناسم.
عەبە موچڕکەیەک بەلەشیا کشا بەترسەوە وتی:
­    کاک عەلی من چۆلەکەیەکم پێناکوژرێ.
­     - شەرت نیە خۆت بیکوژی، پارەیەکی چاک بدەی، ھەزاری وەک من دەستت ماچ ئەکات.
­    - کاک عەلی خراپ لەمن گەیشتی، من‌و پیاو کوشتن؟ من خۆم خواخوامە یەکێ بمکوژێ‌و رزگارم ببێ لەم ژیانە تاڵە.
­    کوشتنی تۆ زۆر ئاسانە، ئەتوانیین رێک بکەوین: وات ئەکوژم برا برای خۆی وا نەکوژێ.
 دوکتۆر بەترسەوە چاوە زەقەکانی بڕیە چاوی کاک عەلی، ئەلەش چاوێکی لێداگرت.
 دوکتۆر بەڕاستی زانی بۆی دەرچێ، ھەستاو پارەی چای داو لەچوونە دەرەوەدا ئەلە چوار چاو ھاواری کرد:
­    دوکتۆر چاوەڕوانی وەڵامتم. من پارەی زۆر ناسێنم.

بەشێک لەرۆمانی "کێ سالە شێتی کوشت" لەنوسینی عەلی کەریم

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×