مه‌سرور بارزانی‌: لەگەڵ هەڵبژاردنێکی یاسایی‌و شەرعی‌و دەستوریداین
  2024-03-30       380       
مه‌سرور بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

مه‌سرور بارزانی‌ ده‌ڵێت، "لەگەڵ هەڵبژاردنێکی یاسایی و شەرعی و دەستورین کە لە هەلومەرجێکی ڕەوا و پاک و بێگەرد ئەنجامبدرێت". هاوكات جه‌خت له‌ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و پرۆژەی ( هەژماری من) ده‌كاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: مه‌سرور بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سۆشیال میدیای‌ خۆی‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، "ئەمڕۆ پێشوازیمان لەبەڕێز ئەلینا رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد. گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدرالی هەرێمی کوردستان‌و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوونەکانی پرۆژەی ( هەژماری من ) کرد."

مه‌سرور بارزانی‌ نوسیویه‌تی‌، "دوپاتمانکردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکە دەستورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە ناکرێت چیتر مافەکانی پێشێل بکرێت کە لەدەستوردا زۆر بەڕونی دانیان پێدا نراوە."

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو كه‌ تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەیان، تایبەت بووه‌ بەگرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. ئه‌و ده‌ڵێت، "جەختمان کردەوە کە ئێمە دوو ساڵە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین و ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردنێکی یاسایی و شەرعی و دەستوورین کە لە هەلومەرجێکی ڕەوا و پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت. هاوڕابوین لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×