کێشەی سەرەکی هەرێم و بەغدا لەبارەی دابەشکردنی موچە ئاشکرا دەکرێت
  2024-03-31       903       

پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، کاتێک هەرێمی کوردستان نەوتی دەفرۆشت کورتهێنان هەبو، بەڵام موچە دابەشدەکرا و دۆخ سەقامگیر بو، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی لە یاسای بودجە و لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیش کێشەی بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستکردوە، مشتومڕی ئێستاش لەسەر بەشێکی بڕیارەکەی دادگایە کە دەڵێت، "پارە بنێردرێت تاوەکو توطین تەواو دەبێت."

ئیخڵاس دلێمی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی (صباح)ی عێراقی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی دەفرۆشت و لەگەل داهاتی ناوخۆدا موچەی فەرمانبەرەکانی دابەشدەکرت، هەندیک جار بە بڕی 100 بۆ 200 ملیار دینار کورتهێنان هەبو، بەڵام دۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیر بو.

ئیخڵاس دلێمی ئاماژەی بەوەشکرد، فشاری حزبە کوردستانییەکان، پەرلەمانتاران و کەسایەتییە سیاسییەکان وای کرد حکومەتی هەرێم دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بکات و ئەوەش بە سەپاندن ئەنجامدرا، سەرەڕای ئەوەی بەلای ئەوانەوە کارێکی راست نەبو.

باسی لەوەشکرد، حکومەتی فیدڕاڵی دەستی بە فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیلە نەوتەکەی هەرێمی کوردستان کرد لە رێگەی بەسرەوە، حکومەتی هەرێمیش پستی بە حکومەتی عێراقی بەست بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران.

ئیخلاس دلێمی دەڵێت، حکومەتی هەرێم وایدەزانی حکومەتی بەغدا بە شێوەی مانگانە بە گوێرەی یاسای خەرجی فعلی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنرێرێت، سەرەڕای ئەوەش لە ئێستادا بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی پشتی پێدەبەسترێت، ئەوەش جێگریکردنی موچەی فەرمانبەرانە لە بانکە فیدڕاڵییەکان.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی پێشێلکاری دەستوری تێدایە، چونکە دوا وادە بۆ بەنیشتمانیکردنی موچە دیاری نەکراوە، بەلکو نوسراوە هەتاوەکو تەواوی پرۆسەی نیشتمانیکردن تەواو دەبێت، مشتموڕی ئێستای پارەی موچەخۆرانی هەرێم لەسەر ئەو بڕگەیەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×