کۆمیسیۆن: بەبێ بەشدارى پارتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ناکرێت
  2024-03-31       407       


بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، پارتى بەشدارى هەڵبژاردن ناکات و بەشدارى نەکردنى پارتى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ماناى وایە هەڵبژاردن ناکرێت.

لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا، فەرهاد ئەسعەد بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وتى: تا ئەم ساتە نەوەی  نوێ، بەرەی گەل، یەکێتی نیشتمانی، گۆڕان، بزوتنەوەی ئیسلامی، پەیوەندی ئیسلامی لیستی کاندیدەکانیان بە تەواوى پێشکەش بە کۆمسیۆن نەکردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا پارتی هیچ لیستێکی پێشکەش بە کۆمسیۆن نەکردوە و لای هەموان ئاشکرایە کە پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنی کردوە و نیازی ئەوەی نییە کە بەشداری لە پرۆسەکە بکات.

لەبارەى درێژکردنەوەى ماوەى وەرگرتنى لیستى کاندیدەکان دەڵێت: لەوانەیە وادەی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک یان چەند رۆژێک درێژبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ راسپاردەیەکی لەو شێوەیەیان ئاراستە نەکراوە.

سەبارەت بەوەى بەبێ بەشدارى پارتى هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت وتى: پارتى بەشدارى هەڵبژاردن ناکات و بەشدارى نەکردنى پارتى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ماناى وایە هەڵبژاردن ناکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×