له‌ ئه‌نجامی 97.5%ی ده‌نگه‌ جیاكراوه‌كان پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان له‌شاره‌كانی وه‌ك ئه‌نقه‌ره‌ و ئیستانبوڵ شكستی هێناوه‌
  2024-04-01       934       


جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كانی توركیا به‌رده‌وامه‌ كه‌ دوێنێ له‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌چو، تاوه‌كو ئێستاش پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتی-پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان) به‌رامبه‌ر به‌ پارتی گه‌لى كۆمارى توركیا (جه‌هه‌په‌-كه‌مال كلیچدار ئۆغڵو) له‌شاره‌كانی وه‌ك ئه‌نقه‌ره‌ و ئیستانبوڵ شكستی هێناوه‌، ده‌م پارتیش 5.61%ی ده‌نگه‌كانی مسۆگه‌ركردوه‌.

له‌كۆی شاره‌وانیه‌كانی باكوری كوردستان و توركیا و 97.5%ی ده‌نگی جیاكراوه‌، جه‌هه‌په‌ 37.59% و ئاكپارتی 35.61%ی ده‌نگه‌كان، پارتی ئاسوده‌یی نوێ 6.14٪، ده‌م پارتی 5.61٪، مه‌هه‌په‌ 4.95٪ و ئیی پارتی 3.77٪ـی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوه‌. 

ده‌م پارتی له‌ شاره‌كانی باكوری كوردستان له‌پێشه‌نگدایه‌، به‌تایبه‌ت ئامه‌د و وان، مێردین، سێرت و دێرسم، موش و جوله‌مێرگ و ئاگری.

له‌لای خۆیه‌وه‌، ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو، كاندیدی جه‌هه‌په‌ بۆ گه‌وره‌ شاره‌وانیی ئیستانبوڵ رایگه‌یاند، به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان، 52٪ی ده‌نگه‌كانی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانیی ئیسته‌نبوڵ به‌ده‌ستهێناوه‌.
 
وتیشی، "له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا خه‌ڵكی ئیستانبوڵ بۆ سه‌رده‌مێكی نوێ ده‌سه‌ڵاتی دا به‌ ئێمه‌، بێگومان شته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ كاتی راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ فه‌رمییه‌كانه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داتاكانی ناوچه‌ و پارێزگاكان".

كاتژمێر 5:00ی ئێواره‌ی دوێنێ له‌ سه‌رانسه‌ری توركیا و باكوری كوردستان پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان كۆتاییهات، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان دور له‌ چاوی میدیاكان به‌ڕێوه‌دەچێت.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا 61 ملیۆن و 441 هه‌زار و 882 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبو، کە ملیۆنێك و 32 هەزار و 610 دەنگدەر بۆ یەکەمجارە بەشداری لە دەنگداندا دەکەن.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 138 پارتی سیاسیی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن و 34 پارتیان پێشبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرترین شارەوانی دەکەن، پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)یش كه‌ كورد پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كییه‌تی چاوی له‌ بردنه‌وه‌ی زۆرترین شاره‌وانییه‌. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×