حووسییەكان هێرشیان كردە سەر كەشتییەكی ئەمریكی
  2024-04-04       220       

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ حووسییەكانی یەمەن لە ڕێگەی مووشەكێكی بالستیكی دژە كەشتی و دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردە سەر كەشتییەكی ئەمریكی لە دەریای سوور.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا لە بارەی هێرشێكی حووسییەكانی یەمەن بۆ سەر كەشتییەكی ئەمریكی لە دەریاسی سوور ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ حووسییەكانی یەمەن لە ڕێگەی مووشەكێكی بالستیكی دژە كەشتی و دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردە سەر كەشتیی (ASBM)ی  ئەمریكی لە دەریای سوور.

ئاماژە بەوەشكراوە،  هێزەكانی كەشتیی USS Gravely (DDG 107) سەركەوتوو بوون لە لەناوبردنی مووشەكێكی بالیستی دژە كەشتی و دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، هەروەها كەشتیكە هیچ زیانێكی پێ نەگەیشتووە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا ئەوەی خستەڕوو، ئەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە هەڕەشەن بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان و كەشتییە بازرگانییەكان لە ناوچەكەدا، بۆیە بە مافی خۆیانی دەزانن وەڵامی هەر هێرشێكی حووسییەكان بدەنەوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریایی سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×