ئیسرائیل: لە هەڕەشەکانى ئێران ناترسین
  2024-04-09       200       

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەمان لە هەڕەشەکانى ئێران لەبارەى وەڵامدانەوەى هێرشەكەی سەر كونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا ناترسین، دەشڵێت، ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام گەر ئێران هێرش بكاتە سەر وڵاتەکەمان، ڕاستەوخۆ وەڵامی دەدەینەوە.

ئیسرائیل كاتس وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بارەی هەڕەشەكانی ئێران بە مەبەستى هێرشكردنە سەر وڵاتەكەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی لا ڕیپبلیكای ئیتاڵی ئەنجامدا.

ئیسرائیل كاتس ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەمان بەرپرسیارێتی هێرشەكەی سەر دیمەشقى لە ئەستۆ گرتووە و لە ئێستاشدا ئێران هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش کردنە سەر وڵاتەکەمان دەكات.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتوشیەتى، ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام گەر ئێران هێرش بكاتە سەر وڵاتەکەمان، ڕاستەوخۆ وەڵامی دەدەینەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر حزبوڵا لە كاردانەوەی هێرشەكەی سەر كۆنسوڵخانەى ئێران، لە لوبنانەوە مووشەك بە ئاراستەی تەلئەبیب هەڵبدات، ئەوا فڕۆكەی سەربازییان بۆ دەنێرین.

لە كۆتایشدا وتویەتى، ئێمە نامانەوێت لە غەزە بمێنینەوە، هەرکاتیش حەماس شكستی هێنا و لە ناوچوو، ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی بەڕیوەبردنى كەرتی غەزە لە ئەستۆ دەگرێت.

جێگەی ئاماژەیە، ئێران و گرووپە چەكدارەكانیان هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووندی ئەو هێرشەی ئیسرائیل دەكەن، کە ڕۆژى ١ـی ئەم مانگە کردییە سەر کونسوڵخانەى ئێران لە دیمەشق و لە بەرامبەردا ئیسرائیل سەرجەم هێزەكانی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی خستووەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە و چەندین ڕێكاری ئەمنی گرتووەتەبەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×