ئەردۆگان ژمارەیەک وەزیر لە پۆستەکانیان دوردەخاتەوە
  2024-04-10       449       

سەرۆک کۆماری تورکیا بە نیازە لە دوای پشوەکانی جەژنی رەمەزان، ژمارەیەک وەزیر و ئەندامی سەرکردایەتی ئاکپارتی لە پۆستەکانیان دوربخاتەوە، ئەویش بەهۆی شکستهێنانی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا.

تۆڕی میدیایی (سۆزچو)ی تورکی بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆگان بە نیازە لە دوای جەژنی رەمەزان چەند پۆست لە چەند وەزیرێکی حکومەتەکەی وەربگرێتەوە بەهۆی شکستهێنانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.

پێشتریش رۆژنامەی (حورییەت) بڵاویکردەوە، ئەردۆگان نیازی وایە چەند گۆڕانکارییەک لە ئەنجومەنی وەزیران، سەرکردایەتی ئاکپارتی ئەنجامبدات.

هەر لەو بارەیەوە مەعروف فاتحی بۆرتاکال رۆژنامەنوسی تورکی ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، "سێ یان چوار وەزیر و چەند جێگرێکی ئەردۆگان، هەروەها چەند پەرلەمانتارێک پۆستەکانیان لێوەردەگیرێتەوە."

رۆژنامەنوسەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو سەرکردە سیاسیانەی ئاکپارتی کە دوردەخرێنەوە بریتین لە سەرۆکی کەرتەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە کە بریتین لە هاکان خان ئۆزکان و حوسمان نوری کاباک.

لە ماوەی رابردو رەجەب تەیب ئەردۆگان کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی سەرکردایەتی ئاکپارتی ئەنجامدا و رایگەیاند، حزبەکەمان نەیتوانی ئەنجامی خوازراو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەدەستبهێنێت، بۆ ئەو مەبەستە شیکردنەوە بۆ ئەنجامەکان دەکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×