دادگای ئەرجەنتین: ئێران دو تەقینەوەكەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و نێوەندێكی جوەكانی لە ساڵانی نەوەدەكان ئەنجامداوە
  2024-04-12       368       
شوێنەواری تەقینەوەكەی ساڵی 1994 لە ناوەندی جوەكان لە بۆینس ئایرەسی پایتەختی ئەرجەنتین

دادگای فیدراڵی ئەرجەنتین لە بڕیارێكدا دەڵێت، ئێران ئەنجامدەری دو تەقینەوە خوێناوییەكەی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوی نێو باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و ناوەندێكی جوەكان بوە لە بۆینس ئایرەسی پایتەختی ئەرجەنتین.

ئاوێنە: بەپێی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی ئەرجەنتین، ئێران ئەنجامدەری تەقینەوەكەی ساڵی 1992ی نێو باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بوە لە بۆینس ئایرەس كە لەڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە ئەنجامدراوەو هەروەها ئەنجامدەری تەقینەوە خۆكوژییەكەی ساڵی 1994ی نێو ناوەندێكی جوەكان بەناوی ئامیا بوە كە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێكەوە خۆكوژەكە خۆی كردوە بە ناوەندەكەدا.

لە تەقینەوەكەی ساڵی 1992ی نێو باڵیۆزخانەی ئیسرائیلدا 29 كەس كوژران و زیاتر لە 200 كەس برینداربون و لە تەقینەوەكەی ناوەندی ئامیا-شدا 85 كەس كوژران و زیاتر لە 300 كەس برینداربون.

تەقینەوەكەی نێو ناوەندی جوەكان لە بۆینس ئایرەس بە خوێناویترین هێرش لە مێژوی ئەرجەنتیندا ناسراوە، بەشێكی زۆری كوژراوان و بریندارانی ئەو تەقینەوەیە هاوڵاتیانی ئەرجەنتینی بون كە جولەكە نەبون.

دادوەرانی دادگا ئەرجەنتینییەكە ئێرانیان بە "دەوڵەتێكی تیرۆریستی" ناوبردوەو حزبوڵای لوبنان-یشیان لەو تەقینەوانەدا بە شەریكە تاوانی ئێران ناوبردوە.

دادگاكە لە بڕیارەكەیدا داوای لە حكومەتی ئەرجەنتین كردوە، سكاڵایەكی رەسمی دژبە ئێران لە دادگا نێودەوڵەتییەكان بەرزبكاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×