بەرپرسێكی ئەمریكی تەوەرەكانی گفتوگۆكانی سودانی لە واشنتۆن ئاشكرادەكات
  2024-04-12       273       

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەو تەوەرانە ئاشكرادەكات كە بڕیارە لە سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن لە هەفتەی داهاتودا، گفتوگۆبكرێن، یەكێك لە تەوەرەكان بەقسەی ئەو بەرپرسە، "گرنگی بونی پەیوەندییەكی باشە لەنێوان هەرێم و بەغدا."

ئاوێنە: بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "ئەلحوڕە" باسی لەو تەوەرانە كردوە كە بڕیارە سودانی لەمیانی سەردانەكەیدا هەفتەی داهاتویدا بۆ واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا گفتوگۆیان بكات.

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە ئەمریكییە، یەكێك لە تەوەرەكان، پرسی هێزە ئەمریكایە لە عێراق و هەروەها گفتوگۆش لەبارەی پەیوەندییە بەرگری و ئەمنییەكانی نێوان هەردو وڵات دەكرێت كە رەنگە ئەمەیان بەشێكی گرنگی گفتوگۆكان بێت.

هەروەها بەرپرسە باڵاكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتوشیەتی، گفتوگۆش لەبارەی "گرنگی بونی پەیوەندییەكی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەكرێت." لەوبارەیەشەوە وتویەتی، بەرەوپێشچون لەنێوان بەغداو هەولێر هەیە لە پەیوەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.

هەروەها وتوشیەتی، گرنگ تەنیا هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم نییە، بەڵكو دەبێت بەرەوپێشچونیش لەبارەی موچەو بودجەی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەشدارییەكی چالاكمان هەبوە لە هەوڵی گەرەنتیكردنی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەیەكی گونجاودا.

بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسە ئەمریكییە، گفتوگۆكان چەند تەوەرێكی دیكەش لەخۆدەگرن لەوانە: ئاڵوگۆڕ لەبواری وزەو پەروەدە، وەبەرهێنان و بازرگانی، چاكسازییە بانكییەكان، زیادكردنی شەفافیەتی دارایی و بازرگانی، زیاتكردنی هەلی كارو وەبەرهێنان و چەند بابەتێكی دیكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×