ئەردۆغان: رازاندنەوەی هەولێر بە ئاڵاكەمان هەستی بزواندین
  2024-04-23       1089       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا باس لە سەردانەكەی بۆ بەغداو هەولێر دەكات و دەڵێت، "رازاندنەوەی هەمو لایەکی هەولێر بە ئاڵاکەمان بەبۆنەی سەردانەکەمانەوە، بەڕاستی هەستی بزواندین". ئەو دیسان هەڕەشەی لەناوبردنی پەكەكە دەكات و دەڵێت، "بە هەر شێوەیەک بێت لەناوی دەبەین."

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی سەردانەكەی دوێنێی بۆ بەغداو هەولێر، قسەی بۆ رۆژنامەنوسان كردوەو وتی، لە پاش سەردانی بەغدا سەردانی هەولێری کردوەو لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم کۆبونەوەی "بەرهەمدار"یان ئەنجام داوە و وتیشی"ڕازاندنەوەی هەمو لایەکی هەولێر بە ئاڵاکەمان بەبۆنەی سەردانەکەمانەوە، بەڕاستی هەستی بزواندین".

ئەردۆغان هێمای بۆ ئەوە كرد كە لەسەردانەكەیاندا دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە "جارێکی دیکە لە نزیکەوە دۆستایەتی ڕاستگۆیانەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان- عێراق ببینن."

وتیشی، ئیرادەیان بەردەوامە بۆ پێشخستنی ئەو هاریکارییەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دروست بوە.

ئەردۆغان ئاماژە بەوە كرد کە لە سەردانەکەدا دڵنیاییانداوە لە بارەی ئیرادەی هاوبەش بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و، جەختی لەسەر پشتیوانی تورکیا کردەوە بۆ ئەو هەنگاوانەی کە حکومەتی عێراق بە سەرکردایەتی سودانی بۆ پاراستنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق گرتویەتیەبەر.

ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕو، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو هەنگاوانە کردوە کە دەتوانرێت بنرێت، بەتایبەتی لە بابەتەکانی بەرەنگاربونەوەی پەكەكە، بازرگانی، گواستنەوە، وزە و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و راشیگەیاند، ماوەیەکی کەم لەمەوبەر عێراق ڕێکخراوی پەکەکەی بە ڕێکخراوی "قەدەغەکراو" ناساندو "خۆشحاڵی وڵاتەکەمانمان لەو بارەیەوە خستەڕو."

سەرۆك كۆماری توركیا وتیشی، "جارێکی دیکە جەختمان لەسەر چاوەڕوانیی وڵاتەکەمان کردوە بە ڕاگەیاندنی پەکەکە بە فەڕمی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی و کۆتاییهاتن بە بونی لە عێراقدا." پێشی وایە لە قۆناغی داهاتودا "ڕونتر دەرەنجامەکانی ئەمە" ببینرێن.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەردۆغان باسی لەوە كرد كە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە باڵاترین ڕیزبەندی بابەتەكاندا بون كە گفتوگۆیان لەسەركردون و وتیشی"بەواژوکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی چوارقۆڵی ئاستێکی گرنگی دیکەمان لەم بارەیەوە بڕی."

سەرۆك كۆماری توركیا وتیشی"بە 27 ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن زەمینەی پەیوەندییەکەمان بەهێز کرد. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەبارەی چوارچێوەی ستراتیجی ڕەوتی پەیوەندییەکانمان ئاڕاستە دەکات. بەم شێوەیەش هەنگاوێکی مێژوییمان نا بەئاڕاستەی بەدەستهێنانی ناسنامەیەکی دامەزراوەیی و بنیاتنەر و بەرهەمهێن بە پەیوەندییەکانمان. هاوڕاین لەسەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە بەشێوەیەکی کاریگەر. برایانی عێراقیشمان خاوەنی ئیرادەی پێویستن."

هەروەك ئەوەشی خستەڕو"لە بەغدا پێشوازیم کرد لە سەرکردە تورکمانەکان. بە برا تورکمانەکانمان ڕاگەیاند کە وەک وڵات و گەل هەردەم لە پاڵیان بوین و دەبین".

لە وەڵامی پرسیارێکدا كە ئایا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ عێراق لەدژی پەكەكە ئەنجام دەدەن، ئەردۆغان وتی"لە عێراق و سوریاش بەتایبەتی زۆنگاوی تیرۆر تەنیا بە هەوڵی ئێمە وشک نابێت، بەڵکو بە هەوڵدان لەگەڵ حکومەتەکانی هەر دو وڵاتەکە دەبێت".

ئەردۆغان پێی وایە پەكەكە "هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری و گەشەپێدان و ئارامیی عێراق. لە بەرژەوەندی عێراقیشدایە ئەم مەترسییە نەهێڵدرێت."و وتیشی"بە هەر شێوەیەک بێت تیرۆر لەناودەبەین و پێداگرین لەسەر ئەمە. هەرگیز مەیدان بۆ تیرۆر و ئەوانەی لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ڕێ دەکەن و ئەوانەشی ئەمانە بەکاریدەهێنن چۆڵ ناکەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×