هاوکات لەگەڵ هێرشکردنە سەر رۆژاوای كوردستان، سوپای ئێران لەڕۆژهەڵاتی کوردستان مانۆڕی سەربازیی ئەنجام دەدات
  2019-10-09       1820       

هاوكات لەگەڵ هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان، هێزی زەمینی سوپای ئێران لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەستی بە مانۆڕی سەربازی كرد.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێران، مانۆڕە سەربازییە چاوەڕواننەكراوەكە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناوچەی "ورمێ"ی رۆژهەڵاتی كوردستان بە دروشمی "یەك ئامانج، یەك فیشەك" دەستی پێكردوە.

عەبدولڕەحیم موسەوی، فەرماندەی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران لە مانۆڕەكەدا ئامادەیەو لەسەرەتای دەستپێكردنی مانۆڕەكەدا لە وتەیەكدا ئومێدی خواستوە مانۆڕەكە ئامانجە دیاریكراوەكانی بپێكێت.

ئاژانسی تەسنیم هێمای بۆ ئەوە كردوە كە مانۆڕەكە بە بەشداری یەكەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و هێرشبەر و بە پیشتوانی هەلیكۆپتەر بەڕێوەدەچێت.

بەپێی ئاژانسەكە ئامانجەكانی مانۆڕەكە پێكدێن لە ئامادەیی بۆ شەڕ، خێرایی لە هەڵمەتداو جوڵەو ئاڵوگۆڕی یەكە سەربازییەكان و لەئێستادا وردەكاری زیاتر لەسەر ئامانجەكانی لەبەردەستدا نین.

ئەم مانۆڕەی سوپای ئێران لەكاتێكدایە كە دوای ئەوەی توركیا رایگەیاند بڕیاریداوە ئۆپەراسیۆنی سەبازیی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدات، بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە روبەڕوی تەمومژ بۆتەوە.

رۆژی دوشەممە كۆشكی سپی، دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ، رایگەیاند، توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر باكوری سوریا ئەنجام دەدات و هێزەكانی ئەمریكا لەو ناوچەیە دەكشێنرێنەوەو پشتیوانی و بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكە ناكەن.

حكومەتی ئێران لەگەڵ پێشوازی لەبڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەباكوری سوریا، دژایەتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا لەنێو خاكی سوریا راگەیاند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×