سەرۆک
  2024-11-03       621       

ئا: ئاوێنە

 

سه‌رۆك كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنه‌ له‌ئه‌مه‌ریكا، هه‌ر چوار ساڵ‌ جارێك‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت‌و ده‌توانێت دوو خول له‌م پۆسته‌دا بمێنێته‌وه‌.

 

به‌ر له‌هه‌مواركردنی‌ ده‌ستور له‌ساڵی‌ 1951دا، هیچ سنووردانانێك له‌به‌رده‌م سه‌رله‌نوێ‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكدا بۆ زیاتر له‌دوو خول له‌ئارادا نه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ دوو سه‌رۆك كۆماری‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مه‌ریكا "جۆرج واشنتۆن‌و تۆماس جیفرسۆن" له‌دوای‌ دوو خولی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌، به‌خواست‌و ئیراده‌ی‌ خۆیان، سه‌رله‌نوێ‌ خۆیان بۆ خوله‌كانی‌ تر كاندید نه‌كرده‌وه‌، ئه‌م خۆنه‌ویستییه‌ی‌ ئه‌وان بوو به‌نه‌ریتێك‌و له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌كانی‌ دوای‌ خۆیانه‌وه‌ رێزی‌ لێگیرا. "فرانكلین رۆزفلت" ته‌نها سه‌رۆكی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ كه‌ به‌هۆی‌ "بارودۆخی‌ جه‌نگی‌ دووه‌می‌ جیهانییه‌وه‌" له‌چوار خولی‌ یه‌ك به‌دوای‌ یه‌كدا "له‌1932 تا 1944" به‌سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵبژاردراوه‌ته‌وه‌.

بۆ رێگرتن له‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌بادا سه‌رۆكه‌كان ئه‌وه‌یان به‌بیردا بێت كه‌ تا ده‌خرێنه‌ تابوته‌وه‌ سه‌رۆك بن، له‌1951دا له‌ده‌ستوردا ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌دوو خول سنووردار كرایه‌وه.

له‌ئه‌مه‌ریكادا ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بوونی‌ نییه‌، سه‌رۆك به‌رپرسیاریه‌تی‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان‌و كاروباری‌ ناوخۆی‌ وڵات‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌شی‌ له‌ئه‌ستۆدایه‌، هه‌ر ئه‌ویش وه‌زیرو دادوه‌رانی‌ باڵا‌و باڵوێزه‌كان دیاریده‌كات، به‌ڵام پرۆسه‌ی‌ بڕیاردان به‌شێوه‌یه‌كی‌ نامه‌ركه‌زی‌ رێكخراوه‌ له‌ئه‌مه‌ریكادا، كۆنگرێس چاودێره‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆك مافی‌ ڤیتۆ كردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانانی‌ هه‌یه‌و ده‌توانێت بڕیاره‌كانی‌ كۆنگرێس ره‌تبكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م ڤیتۆ كردنه‌ی‌ سه‌رۆك سنوورداره‌، كۆنگرێس ده‌توانێت به‌ڕای‌ دوو له‌سه‌ر سێی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كۆنگرێس ڤیتۆكه‌ی‌ سه‌رۆك به‌تاڵبكاته‌وه‌، له‌كاتی‌ سه‌رپێچی‌ كردن له‌یاساشدا كۆنگرێس ده‌سه‌ڵاتی‌ لێپێچینه‌وه‌و دادگایی‌ كردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت ناتوانێت متمانه‌ له‌خۆی‌‌و وه‌زیره‌كانی‌ بسێنێته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×