ترەمپ: باشترین بژاردەی بەردەممان نێوەندگیرییە لەنێوان توركیاو كورددا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن
  2019-10-10       1127       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، سێ بژاردەیان لەبەردەمدایە كە یەكێكیان نێوەندگیرییە لەنێوان توركیاو كورددا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن كە ئەوەشیان بە باشترین بژاردە دەزانێت.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، كەمێك لەمەوبەر لە نوێترین تویتدا دەربارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان، رایگەیاند"لەسەدا سەد خەلافەتی داعشمان تێكشكاندو ئێستاش هیچ هێزێكمان لەو ناوچەیە نییە كە كەوتۆتە بەر هێرش لەلایەن توركیا لە سوریا. ئێمە كاری خۆمان بەتەواوی بەجێهێنا. ئێستا توركیا هێرش دەكاتە سەر كوردەكان كە ماوەی 200 ساڵە شەڕی یەكدی دەكەن."

سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێستا یەكێك لەم سێ بژاردەیەمان لەبەردەمدایە: ناردنی هەزار سەرباز و بردنەوە لەڕوی سەربازییەوە، یان وەشاندنی گورزی توند لەتوركیا لەڕوی داراییەوە لەگەڵ سەپاندنی سزا، یاخود ناوەندگیریی بۆ رێككەوتن لەنێوان توركیاو كوردەكاندا."

دوابەدوای ئەو تویتەی، دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان دیسان ئەو سێ بژاردەیەی باس كردەوە كە لەبەردەم وڵاتەكەیدان بۆ كاردانەوە بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.

سەبارەت بەوەی كامیان باشترین بژاردەیە ترەمپ، وتی؛ باشترین بژاردە نێودەنگیرییە لەنێوان توركیاو كوردەكاندا، ناردنەوەی هێزەكانی ئەمریكام بۆ سوریا پێ باش نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×