دوای هێرشی چەکدارانی “تەحریری شام”ـی سەربە تورکیا لە هەندێک گەڕەکی شاری حەڵەب و بەردەوامبوونی بۆردوومانی هەڕەمەکی، گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە پێشوازیی لە دانیشتوانی گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دەکەن.
ئاوێنە: چوار بازگەی هێزەکانی سووریای دیموکرات-قەسەدە دەوری گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیان گرتووە، ئەوانیش بازگەکانی (عەوارز، ئەشرەفیە، بەنی زەید، جەزیرە).
بازگەکانی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە کۆچبەرەکان وەردەگرن، کە زۆربەیان دانیشتووی گەڕەکەکانی حەمدانیە، فورقان و حەڵەبی نوێن.
ئەمەش دوای بۆردوومانی کامپی زانکۆی شاری حەلەب و کوژرانی چوار خوێندکار و داگیرکردنی گەڕەکەکانی حەمدانیە، حەلەبی نوێ و ڕاشیدەین لەلایەن چەکدارانی “تەحریری شام” دێت.
تا دێت ژمارەی کۆچبەران بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە زیاتر دەبێت.
شایەنی باسە ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینن و لەلایەن هێزەکانی قەسەدە ئاسایشی تەواوی بۆ دابین کراوە.
ئەمە دوای ئەوەی دێت، کە لە بەرەبەیانی ٢٧ـی ئەم مانگەوە، چەکدارانی “تەحریر شام”ـی سەربە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشیان بۆسەر هێزەکانی ڕژێم لە سنووری حەلەب و ئیدلب دەستپێکرد و ئەم ئێوارەیەش چوونە ناو بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری حەلەبەوە، هەروەها بەپێی ئامارە بەردەستەکان تا ئێستا ٢٥٥ کەس کوژراون.