سودانی سەردانی تورکیا دەکات‌
  2025-04-02       190       

وەزیری گواستنەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لەچەند ڕۆژی داهاتودا محەممەد شیاع سودانی سەردانی تورکیا دەکات‌و ئەردۆغانیش سەردانی عێراق دەکات.

ئاوێنە: عەبدولقادر ئورالئۆغڵو وەزیری گواستنەوەی تورکیا بۆ میدیاکانی تورکیا ئاشکرایکردوه‌، لەچەند ڕۆژی داهاتودا محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا دەکات.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لەماوەی دوو مانگی داهاتودا سەردانی عێراق دەکات‌و تاووتوێی چەند پرسێک دەکەن، دیارترینیان پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانە، کە ئورالئۆغڵو ڕایگەیاندوە، گەیشتوەتە قۆناغی پێشکەوتوو.

وەزیری گواستنەوەی تورکیا وتوشیه‌تى، "قۆناغێکی بەرچاو لەپڕۆژەی ڕێگه‌ی گەشەپێدان بەدیهاتوە کە تورکیا بەبەندەری فاو لەکەنداوی عەرەبی لەڕێگەی هێڵی ئاسنین‌و ڕێگه‌ خێرای 1200 کیلۆمەتریی دەبەستێتەوە، ئەگەری چالاککردنی کەرتی تایبەتیش هەیە سەبارەت بەلایەنی دارایی ڕێگه‌ی گەشەپێدان، هەروەها پاڵپشتی دارایی لەقەتەرو ئیمارات‌و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت".

به‌وته‌ى وەزیری گواستنەوەى توركیا، "محەمەد شیاع سودانی لەچەند ڕۆژی داهاتودا سەردانی وڵاتەکەمان دەکات، هەرچەندە وادەی سەردانەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارمان بەهەمانشێوە بەنیازە لەدوو مانگی داهاتودا سەردانی عێراق بکات، پێشبینیشدەکەین ئەو بڕیارانەی لەم سەردانانەدا دەدرێن، پەیوەست بن بەڕێککەوتنەکانی پێشوەوە".

ئەگەر ئەردۆغان لەماوەی دوو مانگی داهاتودا سەردانی عێراق بکات، ئەوە دەبێتە دوەم سەردانی ئەو سەرۆک کۆمارەی تورکیا لەماوەی ساڵێکدا بۆ عێراق، هەروەها سەردانەکەی ساڵی ڕابردوی ئەردۆغان، یەکەم سەردانی بوو بۆ عێراق لەماوەی 10 ساڵی ڕابردودا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×