دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئەتۆمی مەدەنی لەگەڵ سعودیە بە مەرجی پەیوەستبوون بە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامەوەیە.
ئاوێنە: ترەمپ رایگەیاند "ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان وەزارەتی وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سعودیە دادەڕێژرێت، کە تەنیا پەیوەندی بە بەکارهێنانی ناسەربازییەوە هەیە وەک ئەوەی ئێران و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی (و ئەوانی دیکە) پێشتر هەیانە، پەسەند دەکرێت، بەڵام بە تەواوی مەرجدارە کە سعودیە پەیوەست بێت بەڕێککەوتننامەی ئەبراهام کە زۆر بەڕێز و سەرکەوتوو بووەو ئەمریکا دژایەتی دامەزراوە ئەتۆمییە مەدەنییەکان (بەبێ پیتاندن) ناکات".
میدیاکان باس لەوە دەکەن پێدەچێت ترەمپ بەم کارە هەوڵی نەرمکردنی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکە لە ناوخۆ و دەرەوە بدات. سەرۆکی ئەمریکا بانگەوازی بۆ پارتی دیموکرات کرد و ڕایگەیاند کە ئەو مەرجەی کە بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێداگری لەسەر دەکرد، چەکی ئەتۆمی لە بەرامبەر پەیوەست بوون بە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام، لە ڕێککەوتنی ئێستادا جێگیر کراوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەم مەرجە نیگەرانییەکانی ئیسرائیل کەم بکاتەوە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە تەقەکردنی حوسییەکانیش لە دەریای سوور بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی سعودیە کردو وتی "من زۆر بێ ئومێدم لێیان، چونکە تا ئێستا زۆر پیشەیی و ژیرانە مامەڵەیان کردووە. تکایە ئەمە بە لێدوانێکی فەرمی بزانن: ئەگەر دووبارە ئەم کارە بکەنەوە، ئەمریکا ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت، چونکە حوسییەکان درێژکراوەی تارانن. سزایەکی سەربازی قورس بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێت. بێگومان بەسەر خودی حوسییەکانیش”.
دوێنێ ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو ڕێککەوتنەی واژۆ کردووە کە یارمەتی سعودیە دەدات بۆ پەرەپێدانی بەرنامەیەکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی – بەبێ ئەوەی داوای ئەوە بکات کە ڕیاز پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، وەک لە سەرەتادا لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە پێشنیاری کردووەو بەبێ ئەوەی داوای "ستانداردی زێڕین"ی چاودێری توندی نێودەوڵەتی بکات، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە هەر ئەگەرێکی ئیستغلالکردنی بەرنامەی مەدەنی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئایندە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە شانبەشانی ئەو ڕێککەوتنەی کە ڕێگە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات ژێرخانی ئەتۆمی مەدەنی لە سعودیە پەرەپێبدەن، ڕێککەوتنێکی هاوڕێی واژۆکرا کە ڕێوشوێنی چاودێریکردن لەخۆدەگرێت کە بۆ بەرنامەکە دەگرێتەوە- ڕێککەوتنێک کە بە پێچەوانەی ڕێککەوتنە هاوشێوەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە ڕابردوودا، ئەمجارە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) واژۆ نەکراوە، بەڵکو تەنها لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کراوە. هەر بۆیە لەلایەن پسپۆڕانەوە وەک ئامرازێکی لاوازتر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی هەست پێدەکرێت.
دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و سعودیە سەبارەت بە پەرەپێدانی بەرنامەیەکی ئەتۆمی مەدەنی، ساڵانێکە بەردەوامەو لە سەردەمی ئیدارەی بایدن، ڕێککەوتنێکی پاکێج پێشنیارکرا کە تێیدا ئەم هاوکارییە مەرجدار بوو بە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل. بەڵام لە سایەی چەقبەستوویی وتووێژەکان لەسەر ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوە، ئیدارەی ترەمپ کە ساڵی ڕابردوودا درێژە بە دانوستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ڕیاز دا، ئەم مەرجەی لابرد – و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوانیان لە سەرەتادا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ ڕێککەوتنی لەسەر کرا، بەڵام لەو کاتەوە بە هۆی شەڕی ئێران و ترسی دژایەتی لە کۆنگرێس بەرەو واژۆکردنی کۆتایی پێشنەکەوتووە.
شەوی ڕابردوو، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ترامپ هەفتەی ڕابردوو ڕەزامەندی کۆتایی بۆ واژۆکردنەکە داوە.