وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە، سەردانەکەى عەلی زەیدی سەرۆکی ئهنجومهنی وهزیرانى عراق پەیامێکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ تاران هەڵگرتبێت، سەردانەکەى زەێدى لە چوارچێوەی ڕاوێژە دووقۆڵییە ئاساییەکانی نێوان عێراق و ئێراندایە، هەروەها زەیدی نێوەندگیر نییە لە نێوان تاران و واشنتن.
ئاوێنە: عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە سەردانەکەى عەلی زەیدی سەرۆکی ئهنجومهنی وهزیرانى عێراق بۆ ئێران و دەنگۆى ناردنى پەیامێک بۆ تاران، بۆ میدیاکانى وڵاتەکەى ڕایگەیاند، ئەمڕۆ عەلی زەیدی سەرۆکی ئهنجومهنی وهزیرانى عێراق گەیشتە تاران، لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا تاوتوێی ژمارەیەک دۆسییەی دووقۆڵیی و هەرێمایەتی دەکات، پێشتر زەیدی سەردانی واشنتۆنی کردبوو، شتێکی سرووشتییە ڕوانگە و تێبینییەکانی خۆی سەبارەت بەو سەردانە بۆمان بگەڕێنێتەوە، ئەوەشی بە بەشێک لە ڕاوێژە ئاساییەکانی نێوان هەردوو وڵات دانا.
ڕوونی کردەوە، دانوستانەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا جێبەجێکردنی یاداشتی تێگەیشتنی ئاسایشی لە نێوان عێراق و ئێران، ئامادەکارییە تایبەتەکان بۆ سەردانی چلەی ئیمام حسێن لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پێشهاتە هەرێمییەکان.
عراقچی ڕەتیکردەوە سەردانەکەى عەلی زەیدی سەرۆکی ئهنجومهنی وهزیرانى عێراق پەیامێکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ تاران هەڵگرتبێت، سەردانەکەى زەیدى لە چوارچێوەی ڕاوێژە دووقۆڵییە ئاساییەکانی نێوان عێراق و ئێراندایە، هەروەها زەیدی نێوەندگیر نییە لە نێوان تاران و واشنتن.
جەختی کردەوە، وڵاتەکەی هیچ کێشەیەکی نییە لە بوونی نێوەندگیران یان ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ژمارەیەکی لەو وڵاتانە هەیە کە ئەم ڕۆڵە دەگێڕن، بەڵام جەوهەری قەیرانەکە پەیوەندی بە نەبوونی کەناڵەکانی پەیوەندییەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ڕێبازى ناپێویستى فەرماندەرەکانى ئەمریکا و ئارەزووی هەژموونگەری.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەم ڕێبازە ڕووبەڕووى وەڵامى توند بووەتە لەلایەن ئێرانەوە، هەر پێشکەوتنێک لە پەیوەندییەکاندا بەدی ناهێنرێت مەگەر واشنتن پێداچوونەوە بە سیاستەکانیدا بکات و ڕێز لە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران بگرێت، بابەتەکە ئەوەندەی پێویستی بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکادایە، پێویستی بە ئاڵوگۆڕی پەیام نییە.