بەیانیی ئەمڕۆ جارێكی تر پاسەوانی سنوور لە شارباژێڕی سنووری سلێمانی، تەقەیان لە باوك و كوڕێك كرد، كوڕەكە گیانی لە دەست داوە و باوكەكەش بریندارە.
سەعات پێنجی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گوندی سوورەبان لە سنووری شارباژێڕ، پاسەوانانی سنوور تەقە لە خەڵكی سڤیل دەكەن و كوڕ و باوكێك دەپێكن، كوڕەكە گیانی لە دەست داوە و باوكەكەش بریندار بووە.
بەپێی خزمانی قوربانییەكان، باوكەكە ناوی ئاوات ئیسماعیل لە دایكبووی 1982ـە و دوای برینداركردنی، گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، كوڕەكەشی ئارێز ئاوات ئیسماعیل كە تەمەنی 17 ساڵە، تەرمەكەی براوەتە داد پزیشكیی سلێمانی.
بەپێی قسەی شایەتحاڵەكان، ئەو دوو هاووڵاتییە باریان پێ بووە و بارەكەشیان مۆڵەتی فەرمی هەبووە، بەڵام پاسەوانانی سنوور تەقەیان لێ كردوون.