ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند، پشتگیری لە جێبەجێكردنی هەر رێككەوتنێكی نێوان دیمەشق و ئیدارەی كوردی لە سوریا دەكەین و جەختیش دەكاتەوە كە كاردەكەن بۆ لابردنی سزاكانی یەكێتی ئەوروپا لەسەر سوریا.
ئاوێنە: ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریا وتی، رێککەوتنی سوپای سوریا و هەسەدە زۆر گرنگەو پێویستە پارێزگاری لە هەمو سوریاییەکان بکرێت.
جەختیشی كردەوە، پشتگیری لە جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێكی نێوان دیمەشق و ئیدارەی کوردی لە سوریا دەکەین.
سەرۆكی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشدا كە بە ئەحمەد شەرع-ی وتوە دەتوانێت هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بکات بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش.
وتیشی، داعش هێشتا مەترسییەو دەمانەوێت سوریا بەرەنگاری هەموو گروپە تیرۆریستییەکان ببێتەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی كردەوە كە نابێت هیچ بەرپرسیارێك لە کۆمەڵکوژییەکانی سوریا بێ سزا دەربازی ببێت و دەبێت هەموو سورییەکان بەبێ جیاوازی بپارێزرێن.
وتیشی، ئایندەیەکمان دەوێت لە سوریا کە جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانیدا نەبێت. هیوادارین قۆناغی راگوزەر لە سوریا دادپەروەری بۆ هەموان مسۆگەر بکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، كاردەكەین بۆ ئەوەی سزاكانی یەكێتی ئەوروپا قۆناغ بە قۆناغ لەسەر سوریا هەڵبگرین و هەوڵیش دەدەین بۆ ئەوەی واشنتۆن بەهەمان ئاڕاستەدا كار بكات.