2025-05-08   81     
یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی لەحوسییەکانی یەمەن کردو دەڵێت:"ئەگەر بەردەوامبن لەهێرشی موشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوا گورزی توند لەحوسییەکان دەدەین.
ئاوێنە: وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریدا لەپشتیوانی ئێران بۆ حوسییەکان لەبواری داراییو پڕچەککردنو وتویهتى، "من سەرکردایەتی ئێران ئاگاداردەکەمەوە کە پارەو چەک بۆ حوسییەکان ئاڕاستە دەکەن، ئەوەی بەرامبەر حوسییەکان کردمان، بەرامبەر ئێرانیش دەیکەین".
دەشڵێت:"سەردەمی بریکاریی کۆتاییهاتوە، ئێستا بەرەی خراپەکاری داڕماوە".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەبەیاننامەیەکدا نوسیویهتى، "ئەوەی ئیسرائیل بەرامبەر حوسییەکانی کردی، بەئێرانیش دەیکات".
هەروەها جەختی لەوەکردوهتهوه، ئیسرائیل توانای بەرگریی لەخۆی هەیە، بەهێزەکانی خۆی بەرامبەر بەهەر هەڕەشەیەکو هەر دوژمنێک دەوەستێتەوە بەبێ دودڵی ڕوبەڕوی دەبێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش ڕایگهیاندوه، "ئەوەی ئێمە لەبەیروت بەرامبەر حزبوڵڵا، حەماس لەغەززە، ئەسەد لەدیمەشقو حوسییەکان لەیەمەنمان کرد، لەتارانیش دەیکەین".
لەبەرامبەردا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتویهتى، ئیسرائیل توانای بەرگریکردن لەخۆی هەیە.
بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان سێشەممەی ڕابردوو ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حوسییەکانو ئەمریکای ڕاگەیاندو وتی:"هیچ لایەنێک هێرشناکاتەسەر لایەنەکەی دیکە، لەنێویاندا کەشتییە ئەمریکییەکان لەدەریای سورو گەروی باب ئەلمەندەب"، بەڵام سەرکردەی حوسییەکان ئەو ڕێککەوتنەیان بەدرۆخستەوەو دەڵێن، هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوەو دورە لەڕاستییەوە.